کۆتایی سەردەمێکی زێڕین؛ سەڵاح ماڵئاوایی دەکات و بەڕێوەبەری کارەکانیشی بێدەنگی دەشکێنێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن محەممەد سەڵاح
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی میسری و یانەی لیڤەرپوول رۆیشتنی لە کۆتایی وەرزدا لە یانەکەی راگەیاند، هەمووان دەیانەوێت بزانن یاریزانەکە دەچێتە کوێ؟ بەڕێوەبەری کارەکانیشی بێدەنگی دەشکێنێت.
 
محەممەد سەڵاح، شەوی سێشەممە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، لە کۆتایی وەرزدا لە ریزەکانی یانەی لیڤەرپوول دەڕوات، ئەمەش دوای 9 ساڵ یارییکردن لەو یانەیە و بردنەوەی چەندین نازناوی جیاواز لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵ، بەپێی ئەو رێککەوتنەشی کە لەگەڵ یانەکەی کردووە، سەڵاح بێبەرامبەر لە لیڤەرپوول دەڕوات.
 
رامی عەباس، بەڕێوەبەری کارەکانی ئەو یاریزانە هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن محەممەد سەڵاح یانەیەکی دیاری کردبێت و دەڵێت "نازانم وەرزی داهاتوو محەممەد سەڵاح لە کوێ یاریی دەکات، ئەمەش مانای ئەوەیە کەس نایزانێت، ئاگاداری ئەو کەسانە بن کە دەیانەوێت هەوادار رابکێشن."
 
ئەم قسانەی رامی عەباس، بەڕێوەبەری کارەکانی محەممەد سەڵاح تەنیا دانانی سنوورێکە بۆ ئەو دەنگۆیانەی هەن، بەتایبەت کە یاریزانەکە جێگەی بایەخی چەندین یانەی جیاوازە، بەتایبەت کە هاوینی ساڵی 2023 یانەی ئیتیحادی سعودی ئامادەبوو 150 ملیۆن پاوەند بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە خەرجبکات و لە خولی ئەمریکاش داواکاریی ئەو یاریزانە زۆر بوو.
 
بەپێی هەواڵی میدیای سعودی، هەردوو یانەی هیلال و ئیتیحاد لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا رکابەری لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە دەکەن، پێشتر یانەی فێنارباخچەی تورکیش هەوڵی گواستنەوەی ئەو یاریزانەی دەدا.
 
محەممەد سەڵاح، لە پەیامە ڤیدیۆیەکەیدا کە بۆ راگەیاندنی ماڵئاواییکردن لە لیڤەرپوول بڵاویکردووەتەوە دەڵێت "ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە، بەشی یەکەمی ماڵئاواییەکەم رابگەیێنم، لە کۆتایی وەرزدا لە لیڤەرپوول دەڕۆم. لیڤەرپوول تەنیا یانەیەک نییە، مێژوو و رۆحە، لێرە ساتی زۆر جوانم هەبوو لە ژیانمدا، هەرگیز پاڵپشتیی هاندەران لەبیر ناکەم و هەمیشە یەکێکم لە ئێوە."
 
سەڵاح بە هاندەرانی لیڤەرپوولی گوت "بەهۆی ئێوەوە هەرگیز هەستم نەکردووە تەنیام."
 
محەممەد سەڵاح مێژووییەکی گەورەی لە لیڤەرپوول تۆمارکردووە، یاریزانەکە لە 435 یارییدا خاوەنی 255 گۆڵە و سێیەم گۆڵکاری مێژووی یانەکەیە، لەگەڵ رێدز چوار جار لاپچینی زێری بۆ گۆڵکاری پرێمەرلیگی بردووەتەوە و سێجاریش وەکو باشترین یاریزان دەستنیشانکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە