رووداو دیجیتاڵ
لە ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنادا یاخیبوون دژی ئەستێرەیەک دەستیپێکردووە و هاوڕێکانی پێیانوایە ئەو بووەتە بەربەست لەبەردەم پلانەکانی هانزی فلیکی راهێنەردا، تەنانەت سەرچاوەکانی نزیک لەو یانەیە باس لەوە دەکەن کە لامین یامال بەڕاشکاوی بە راهێنەری گوتووە ئەگەر ئەو بەشێوەی سەرەکی یاری بکات ناتوانین نازناوەکان ببەینەوە.
هەستێکی نیگەرانکەر خەریکە دزە دەکاتە ناو ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا، هەستێک کە چیدی ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت. بەشێک لە بەهرەمەندە لاوەکانی ناو تیپەکە، کە لامین یامال لە سەرووی هەموویانەوەیە، تێبینی ئەوەیان کردووە کە هاوسەنگیی تاکتیکیی تیپەکە بەهۆی بوونی مارکوس راشفۆرد لە پێکهاتەی سەرەکیدا، دووچاری جۆرێک لە لاری بووە. کێشەکە لێرەدا رەهەندێکی کەسی نییە، بەڵکو بابەتەکە تەنیا هونەرییە؛ یاریزانە ئینگلیزییەکە ناتوانێت خۆی لەگەڵ فەلسەفەی یاریی بەکۆمەڵی تیپەکەدا بگونجێنێت.
کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم ناگونجانە لەناو یاریگەدا بەڕوونی دەردەکەون، بەتایبەتی کاتێک راشفۆرد لە باڵی چەپدا جێگیر دەبێت. لەو کاتەدا هێرشەکانی بارسا دەبنە هێرشی پێشبینیکراو و بێگیان، ئەو لێکتێگەیشتن و شوێنگیرییە وردەش ون دەبێت کە لای یاریزانانی وەک رافینیا یان فێران تۆرێس هەیە، کە دەزانن چۆن بۆشایی دروست بکەن و کەی و لە چ کاتێکی ورددا جەستەیان بخەنە خزمەت پلانەکەوە.
گرێکوێرەکە لە لایەنی بەرگریدا زیاتر ئاڵۆز دەبێت. سیستمی 'گوشاری پێچەوانە' دوای لەدەستدانی تۆپ، بەهۆی راشفۆردەوە سست دەبێت، ئەمەش تیپەکە لە یارییە یەکلاکەرەوەکاندا دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورە. باڵی چەپی تیپەکە زۆرجار بەکراوەیی دەمێنێتەوە و هاوسەنگیی هێڵی بەرگری تێکدەچێت، ئەمەش دەرگایەکی گەورە بۆ رکابەرەکان دەکاتەوە تاوەکو هەڕەشەی راستەقینە لەسەر گۆڵەکەی بارسا دروست بکەن.
لەڕوانگەی ئەستێرە لاوەکانی بارساوە، یانەکە پێویستی بەو جۆرە باڵانەیە کە لە مانای 'شوێنگیری' واتا تێگەیشتن لەوەی کە چ کاتێک دەبێت لەکوێ بوەستێت، تێدەگەن؛ دەزانن کەی خێرایی زیاد بکەن و کەی یارییەکە هێمن بکەنەوە، و بێ تۆپیش کار بۆ سەرخستنی تیپەکە بکەن، بەڵام راشفۆرد زیاتر مەیلی بۆ یاریی تاکەکەسی و جووڵەی دابڕاو هەیە، ئەمەش کاریگەرییەکەی دەکوژێت و ئاستی گشتیی تیپەکە دادەبەزێنێت.
ئێستا دەرەنجامەکە لەناو ژووری جلگۆڕیندا زۆر روونە؛ بوونی راشفۆرد بووەتە هۆی تێکچوونی کیمیای تیپەکە و یەکگرتووییەکەی لاواز کردووە، ئەمەش ئەرکی بردنەوەی نازناوەکان قورستر دەکات. کێشەکە لێرەدا نەبوونی کوالێتیی نییە، بەڵکو درزێکە لە کاری بەکۆمەڵدا. لە پڕۆژەیەکدا کە ئامانجی گەڕانەوەی شوناسی بارسایە، وا دیارە رۆیشتنی ئەم یاریزانە تاکە بژاردەی گونجاو بێت بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگیی تاکتیکی بۆ بلاوگرانا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ