نهێنیی دیارنەمانی رۆناڵدۆ لە کەناڵەکەی لە یوتیوب؟

10-02-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یوتیوب
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کەناڵی یوتیوبی ئەستێرەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەچەند هەفتەی رابردوودا دابەزینێکی بەرچاوی لە رووی رێژەی بڵاوکردنەوە و دەرکەوتنە کەسییەکانی بەخۆیەوە بینیوە. ئەمەش پرسیارێکی زۆری لەنێو شوێنکەوتوانیدا دروستکردووە، سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییە.
 
ئەو کەناڵە سەرەتا سەکۆیەکی گرنگ بوو بۆ ژیانی کەسی و پیشەگەریی رۆناڵدۆ، کەناڵەکە گۆڕاوە بۆ ناوەڕۆکێکی کەمتر، کە رۆناڵدۆ خۆی نزیکەی بەتەواوی لە زۆربەی ئەو کلیپانەی کە بڵاودەکرێنەوە ئامادە نییە.
 
بەشیکردنەوەی کۆمەڵێک ئەگەری پێشنیازکراو، هۆکارە ئەگەرییەکانی پشت ئەم دیارنەمانەمان بۆ روون دەبنەوە:
 
 
1 - یوتیوب بەبەراورد لەگەڵ سەرچاوەکانی دیکەی داهات بێ کەڵکە
 
ئەگەری ئەوە هەیە رۆناڵدۆ گەیشتبێتە ئەو بڕوایەی کە داهاتی دارایی و هەوڵی بەڕێوەبردنی کەناڵی یوتیوب هاوتا نییە لەگەڵ ئەو کات و ماندووبوونەوەی دەخاتەگەڕ.
 
ئەو داهاتەی کە دەتوانرێت لە یوتیوبەوە دەستەبەر بکرێت، هەرچەندە بۆ زۆر کەس گرنگە، بەڵام بە بەراورد بەو داهاتە زۆرەی کە رۆناڵدۆ لە تۆپی پێ و گرێبەستی سپۆنسەر و وەبەرهێنانی بازرگانی جۆراوجۆر بەدەستی دەهێنێت، کەمی بۆ دەمێنێتەوە.
 
لێرەوە لەوانەیە رۆناڵدۆ پێیوابێت کە جێهێشتنی ئەرکی بەڕێوەبردنی کەناڵەکە بۆ کۆمپانیایەکی تایبەتمەند و ناوەناوە جێبەجێکردنی هەندێک بیرۆکەی بەرهەمهێنان باشترین بژاردە بێت، بەتایبەتی کە داهاتی ئەو کەناڵە بەراورد ناکرێ لەگەڵ سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتەکەی.
 
ئەم ئەگەرە سروشتی ناوەڕۆکی ئەم دواییەی کەناڵەکە بەهێزتر دەکات، کە زۆر پشت بە بەرهەمهێنانی پیشەیی و چاوپێکەوتنی دەرەکی دەبەستێت؛ ئەمەش ئاماژەیە بەبوونی تیمێکی تایبەتمەند کە ئەرکە سەرەکییەکان لەئەستۆ دەگرێت.
 

2 - ستراتیجی کۆکردنەوەی زۆرترین شوێنکەوتوو
 
ئەگەری دووەم بۆ ئەم دابەزینە وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی بازاڕگەری بیرکراوەی باش دەبینێت، لەوانەیە پلانی سەرەتایی کەناڵەکە ئەوە بووبێت کە لە سەرەتادا بوونی چڕ و پڕی کەسیی رۆناڵدۆ بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین هەوادار رابکێشێت و گەورەترین پێگەی جەماوەری دروست بکات.
 
هەبوونی ئەستێرەیەکی وەک رۆناڵدۆ لە ڤیدیۆکاندا سەرنجڕاکێشییەکی بەهێزە بۆ فۆڵۆوەرسە نوێیەکان، بەجۆرێک هەر کاتێک ئەم ئامانجە بەدیهات و ژمارەیەکی زۆر لە بەشداربووان پەیدابوون، ئەوا کەناڵەکە دەتوانێت بەردەوام بێت لە کارکردن و فراوانبوونی سەربەخۆ، تەنانەت بە کەمبوونەوەی دەرکەوتنی رۆناڵدۆش.
 
ئەم ئەگەرە لە روانگەی مارکێتینگەوە مانای هەیە، بەو پێیەی رێگە بە رۆناڵدۆ دەدات زۆرترین سوود لە ئامادەبوونی سەرەتایی خۆی وەربگرێت، دواتر بارگرانییەکە سووک بکات و لەهەمانکاتدا بەردەوامی و کاریگەرییەکانی کەناڵەکە بپارێزێت.
 
سروشتی ناوەڕۆک کە لەم دواییانەدا بڵاوکرایەوە، کە تیشک دەخاتە سەر بەرهەمهێنانی کوالیتی بەرز و بەریەککەوتنی بینەر، دەتوانێت پاڵپشتی ئەم ئەگەرە بکات، چونکە ئەم جۆرە ناوەڕۆکە دەتوانێت دیدگاکان بۆ خۆی رابکێشێت، تەنانەت بەئامادەنەبوونی چڕ و پڕی کەسیی رۆناڵدۆش.
 

3 - کاریگەری جۆرجینا لەسەر تایبەتمەندی خێزان
 
ئەگەری سێیەمیش پەیوەندی بەکاریگەریی هاوبەشی ژیانی رۆناڵدۆ و جۆرجینا رۆدریگێزەوە هەیە لەسەر سیاسەتی بڵاوکردنەوە و دەرکەوتنی خێزانەکەی لە سۆشیال میدیادا.
 
لەوانەیە ئەو دەستپێشخەرییەی ئەم دواییەی جۆرجینا بۆ دانانی ئیمۆجی لەسەر وێنەی منداڵەکان ئاماژەیەک بێت بۆ ئارەزووی کەمکردنەوەی دەرکەوتنی گشتی منداڵەکان و خێزانەکە بەگشتی.
 
ئەم بۆچوونە لەوانەیە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ناوەڕۆکی کەناڵی یوتیوبی دۆن هەبێت، چونکە هەندێک لە ناوەڕۆکەکانی پێشووتر گرتەی ژیانی خێزانیی رۆناڵدۆ و منداڵەکانی لەخۆگرتبوو.
 
ئەگەر بڕیارێک هەبێت بۆ کەمکردنەوەی دەرکەوتنی کەسیی خێزانەکە، سروشتییە کەمتر ناوەڕۆک بەردەست بێت بۆ ئەوەی رۆناڵدۆ لە کەناڵەکەدا بڵاویبکاتەوە؛ کە لەوانەیە هۆکاری دابەزینی رێژەی بڵاوکردنەوە و بینین بێت.
 

4 - گواستنەوە بەرەو پلاتفۆرمی "X" لەژێر کاریگەری ئیلۆن ماسک
 
ئەگەری چوارەم و کۆتایی پەیوەندی بە پەرەسەندنی پەیوەندی رۆناڵدۆ لەگەڵ بازرگانێکی بەنێوبانگی وەک ئیلۆن ماسک و کاریگەرییەکانی لەسەر گرنگیدان بەبڵاوکردنەوەی لەسەر پلاتفۆرمی "X" (پێشتر تویتەر) هەیە.
 
زیادبوونی چالاکییەکانی رۆناڵدۆ لەم دواییانەدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، لەوانەیە ئاماژە بێت بۆ گۆڕانکاری لە ستراتیژی راگەیاندنیدا.
 
لەوانەیە ئیلۆن ماسک هانی رۆناڵدۆی دابێت بۆ ئەوەی زیاتر سەرنجی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بێت؛ بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەرفراوان و کاریگەرییە گەورەکەی، بەتایبەتی لە بواری هەواڵ و کارلێکی خێرادا.
 
ئەم گۆڕانکارییە بەرەو ئێکس رەنگە لەسەر حیسابی پلاتفۆرمەکانی دیکەی وەک یوتیوب بێت؛ کە ئەمەش دابەزینی چالاکییەکانی لەسەری روون دەکاتەوە.
 
لە کۆتاییدا
 
پێدەچێت دیارنەمانی رێژەیی رۆناڵدۆ لە کەناڵەکەی لە یوتیوب دەرئەنجامی پێکەوە کۆبووونەوەی هۆکارەکان بێت نەک تەنیا هۆکارێک.
 
ئەوە مانای ئەوەیە کە رۆناڵدۆ دووبارە هەڵسەنگاندنی بۆ بەردەوامیی یوتیوب کردووەتەوە بەبەراورد بەسەرچاوەکانی دیکەی داهاتەکەی، هەروەها هەنگاوی کەمکردنەوەی دەرکەوتنی کەسی بەشێکە لە ستراتیژێکی فراوانتری بازاڕکردن، یان وەڵامێکە بۆ خواستی جۆرجینا بۆ پاراستنی تایبەتمەندی خێزانەکەی.
 
هەروەها کاریگەری پەیوەندی لەگەڵ ئیلۆن ماسک و گۆڕانکاری بەرەو پلاتفۆرمی "X" دەتوانێت رۆڵی هەبێت لەم گۆڕانکارییەدا. 
 
سەرەڕای هەموو ئەمانەش لە کۆتاییدا هۆکاری راستەقینەی پشت ئەم گۆڕانکارییە تاوەکو ئێستاش نادیارە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە