رووداو دیجیتاڵ
لالیگا ئامادەکاری بۆ شۆڕشێکی تەکنەلۆژیی گەورە دەکات و بڕیارە لە وەرزی 2026-2027 سیستمی ئۆتۆماتیکیی ئۆفساید بۆ یەکەمجار بەکاربهێنێت.
خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگا رایگەیاند، پلانمان ئەوەیە بۆ وەرزی داهاتوو تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتوو بەکاربهێنێت کە تێیدا چیپێکی بچووک دەخرێتە ناو تۆپەکانەوە. ئەم چیپە لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ناسراو بە فیفا پەسندکراوە و یارمەتی ناوبژیوانان دەدات بۆ ئەوەی بڕیاری ئۆتۆماتیکی و خێرا لەسەر ئۆفساید بدەن، بەبێ ئەوەی پێویست بکات بە کۆمپیوتەر هێڵەکان بکێشرێن یان گرتە ڤیدیۆییەکان رابگیرێن.
تێباس لەبارەی ئەم سیستمە نوێیەوە گوتی "ئێمە سیستمی ئۆتۆماتیکیی ئۆفساید جێبەجێ دەکەین، دەمانەوێت بۆ وەرزی داهاتوو ئامادە بێت. حەزم بە وشەی نیمچە ئۆتۆماتیکی نییە، بۆیە دەمانەوێت چیپێکی تایبەت لە ناو تۆپەکەدا بێت بۆ دیاریکردنی کاتی لێدانی تۆپەکە". تێباس روونیکردەوە کە ئەم هەنگاوە پێویستی بە دانانی کامێرای تایبەت لە ناو یاریگەکاندا هەیە و هەڵەی گەورەکان بە تەواوی ناهێڵێت.
جگە لە لایەنی تەکنەلۆژی، بەرپرسانی وەرزشیی ئیسپانیا رێککەوتنێکی نوێیان بۆ باشترکردنی ژیانی ناوبژیوانان واژۆ کرد. لەم رێککەوتنەدا بڕیاردرا مووچەی ناوبژیوانان زیاد بکرێت و پارێزگاریی یاسایی زیاتریان لێ بکرێت، بەتایبەت کە ئێستا گوشار و هێرشی زۆریان دەکرێتە سەر.
بەرپرسانی لالیگا داوایان لە تیپە گەورەکانی وەک ریال مەدرید، بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید کردووە ببنە نموونە بۆ پاراستنی شکۆی ناوبژیوانان و کەمکردنەوەی ئەو گرژیانەی کە بەهۆی لێدوان و گرتە ڤیدیۆییەکانەوە دروست دەبن و کاریگەریی نەرێنییان لەسەر خولە پلە نزمەکانیش هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ