لیستی ئەو راهێنەرانەی لەسەر مێزەکەی پێرێزن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بیر لە گۆڕینی راهێنەری یانەکەی دەکاتەوە، بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی تیپەکەی پێیدا تێدەپەڕێت.
 
بەپیێ هەواڵی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، بەهۆی ئەوەی لەو کاتەوەی ئەلڤارۆ ئەربێلوا کراوەتە راهێنەری یانەکە، ریال مەدرید نەیتوانیووە ئاستێکی بەرز پێشکێشبکات و ئەنجامەکانیشی بە دڵی کارگێری و هاندەرانی یانەکە نین.
 
لەو کاتەوەی ئەربێلوا دەستبەکار بووە، راهێنەرەکە نەیتوانیوە ئەو سەقامگیرییە هونەرییەی کە چاوەڕوان دەکرا بەدی بهێنێت، بە جۆرێک ئەنجامەکانی تیپەکە لە خولی ئیسپانیا جێگیر نین و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لە رکابەریکردن لەسەر لالیگا لەگەڵ بارسێلۆنا لە پلەی دووەمی ریزبەند بێت.
 
جگە لەوەش تیپەکە لە پاڵەوانێتییەکانی دیکەشدا، ئەمەش گوشاری هاندەران و میدیایی لەسەر کارگێڕی یانەکە زیاد کردووە بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتووی راهێنەرەکە.
 
لە ژێر ڕۆشنایی ئەم بارودۆخەدا، کارگێڕی یانەکە بە سەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لە چەند بژاردەیەک بۆ سەرکردایەتیکردنی تیپەکە لە وەرزی داهاتووەوە.
 
ناوی راهێنەری ئەڵمانی "یۆرگن کڵۆپ" وەک یەکێک لە دیارترین بەربژێرەکان دەردەکەوێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لە هاوینی 2024 لیڤەرپوولی بجێهێشت و لەو کاتەوە لە راهێنەرایەتیکردن دوورکەوتووەتەوە.
 
جگە لەو راهێنەرە چەند ناوێکی دیکە لە لیستەکەی پێرزدان و بیریان لێدەکاتەوە بۆ ئەوەی باشترینیان بۆ راهێنەرایەتیکردنی یانەی شاهانە هەڵبژێرێت، ئەو راهێنەرانەش ئەمانەن "ماسیمیلیانۆ ئەلێگری" راهێنەری میلان، "ئۆنای ئیمری" راهێنەری ئەستۆن ڤێلا، جگە لە ئەگەری گرنگیدان بە "یۆلیان ناگێلسمان" کە ئێستا راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیایە.
 
سەرەڕای زۆریی بژاردەکان، گەورەترین خەونی پێرێز هێشتا گەڕاندنەوەی ئەفسانەی فەرەنسی یانەکە "زینەدین زیدان"ـە بۆ سەر کورسیی راهێنانی یانەکە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
 
زیدان خاوەنی مێژوویەکی ناوازەیە لەگەڵ یانەی شاهانە، چونکە لە دوو ماوەی پێشوودا راهێنەرایەتیکردنی تیپەکەدا چەندین نازناوی جیاوازی بەدەستهێناوە، کە دیارترینیان سێ نازناوی لەسەریەکی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بوو، ئەمەش وای لێکرد ببێتە یەکێک لە سەرکەوتووترین راهێنەرەکانی مێژوو لە یانەکەدا.
 
گەورەترین بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی راهێنەرە فەرەنسییەکە، ئەگەری ئەوەیە کە ئەو راهێنانی هەڵبژاردەی فەرەنسا هەڵبژێرێت دوای کۆتایی هاتنی مۆندیالی 2026، بەتایبەت کە بڕیارە دوای یارییەکانی مۆندیال دیدێ دیشامپ، راهێنەری فەرەنسا واز لە راهێنەرایەتیکردنی هەڵبژاردەکە بهێنێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە