رووداو دیجیتاڵ
قۆناخی یەکلاکەرەوەی چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکات و هەموو چاوەکان لەسەر ئەو یاریزانە گەنجانەن کە دەتوانن جیاوازی دروستبکەن و نازناوەکە بۆ تیپەکانیان یەکلابکەنەوە. لێرەدا تیشک دەخەینە سەر 10 یاریزانی تەمەن 25 ساڵ و خوارتر، چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا رۆڵی سەرەکی بگێڕن.
ئەنتۆنی گۆردۆن
یاریزانی یانەی نیوکاسڵ یونایتد، تەمەنی 25 ساڵە و بەهۆی تواناکانی لە هێرشبەریدا درەوشاوەتەوە. گۆردۆن لە 10 یاریی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا 10 گۆڵی تۆمارکردووە. مانگی رابردوو بووە یەکەم یاریزان لە مێژوودا 4 گۆڵ لە نیوەی یەکەمی یارییەکی قۆناخی یەکلاکەرەوەدا بەرامبەر قەرەباخ تۆمار بکات. راهێنەری تیپەکەی پێیوایە گۆردۆن توانای زۆر زیاتری هەیە و دەڵێت "کەم یاریزان هەن بتوانن ئەوە بکەن کە ئەو دەیکات".
ئێرلینگ هالاند
هێرشبەری مانچێستەر سیتی، تەمەنی 25 ساڵە و بە رۆبۆت ناسراوە. هالاند کەمترین هەڵە لەبەردەم گۆڵدا دەکات و لە 8 یاریی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا 7 گۆڵی هەیە. ڤێرجیل ڤان دایک، کاپتنی لیڤەرپوول لەبارەیەوە دەڵێت "هالاند هێرشبەرێکی تایبەتە، زۆر بەهێز و خێرایە و ئەرکی بەرگریکاران قورس دەکات".
دۆمینیک سۆبۆسلای
یاریزانی لیڤەرپوول، تەمەنی 25 ساڵە. سۆبۆسلای بە لێدانە بەهێزەکانی لە دەرەوەی ناوچەی سزا دەناسرێتەوە و گۆڵکاری لیڤەرپوولە لە چامپیۆنزلیگ بە 4 گۆڵ و 4 ئەسیست لە 8 یارییدا. ئەلێکساندەر ئارنۆڵد لەبارەیەوە دەڵێت "ئەو بە سروشتی بۆ تۆپی پێ لەدایکبووە، بەهرەیەکی نایاب و یاریزانێکی ناوازەیە".
ڤینیسیۆس جۆنیۆر
ئەستێرەی ریال مەدرید، تەمەنی 25 ساڵە. ڤینیسیۆس 62 بڕینی سەرکەوتووی لەم چامپیۆنزلیگەدا ئەنجامداوە و تەنیا لامین یامال لەو باشتر بووە. لەم وەرزەدا 3 گۆڵ و 4 ئەسیستی هەیە. بەرگریکارانی تیپی بەرامبەر ئاماژە بەوە دەکەن راگرتنی ڤینیسیۆس زۆر قورسە، چونکە زۆر خێرایە و بە ئازادییەکی زۆرەوە یاری دەکات و خێرایە لە جوڵەی لەناکاو.
دێزیری دوێ
یاریزانی پاریس سانجێرمان، تەمەنی 20 ساڵە. دوێ خەڵاتی گۆڵدن بۆی 2025ـی بردەوە دوای ئەوەی وەرزی رابردوو لەگەڵ پاریس سانجێرمان نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا. شرۆڤەکارانی وەرزشی پێیانوایە ئەو لە 5 ساڵی داهاتوودا خەڵاتی باڵۆندۆر دەباتەوە.
نونۆ مێندێش
بەرگریکاری پاریس سانجێرمان، تەمەنی 23 ساڵە. مێندێش بەخێراییە بێ وێنەکەی دەناسرێتەوە و خێراییەکەی گەیشتووەتە 35 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا. لە 10 یارییدا 2 گۆڵ و 2 ئەسیستی هەیە. لویس ئێنریکێ، راهێنەری تیپەکەی دەڵێت "بوونی یاریزانی وەک نونۆ یارمەتیمان دەدات لەژێر گوشار رزگارمان بێت".
مایکل ئۆلیسێ
یاریزانی بایرن میونشن، تەمەنی 24 ساڵە. ئۆلیسێ وەرزێکی سەرنجڕاکێشی لەگەڵ بایرن بەڕێکردووە و لە خولی ئەڵمانیا 10 گۆڵ و 16 ئەسیستی هەیە. ڤینسێنت کۆمپانی، راهێنەری تیپەکە دەڵێت "چاوەڕێی ئاستی زۆر باشتر لە مایکل دەکەم، ئەو زۆر بە ئارامیی یاریی دەکات".
لامین یامال
ئەستێرە تەمەن 18 ساڵەکەی بارسێلۆنا. یامال زۆرترین بڕینی سەرکەوتووی لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا هەیە. لە 6 یاریی رابردوودا 3 گۆڵ و 3 ئەسیستی تۆمارکردووە. هەموو چاوەکان لەسەر لامین یامالن و گوشارێکی زۆری لەسەرە، چونکە ئێستا ئەو ئەستێرەی یەکەمی یانەکەیە.
موسیس کایسیدۆ
یاریزانی چێڵسی، تەمەنی 24 ساڵە. کایسێدۆ یەکێکە لە باشترین یاریزانانی هێڵی ناوەڕاست و لەم وەرزەدا 33 پچڕانی تۆپی سەرکەوتووی هەبووە. شرۆڤەکاران بە باشترین یاریزانی هێڵی ناوەڕاست لە پرێمەرلیگدا ناوی دەبەن.
بۆکایۆ ساکا
ئەستێرەی ئارسیناڵ، تەمەنی 24 ساڵە. ساکا یاریزانێکی دڵسۆزە و ئاستێکی جێگیری هەیە. تێری هێنری، ئەفسانەی ئارسیناڵ دەڵێت "رێزێکی زۆرم بۆ بۆکایۆ هەیە، ئەو یاریزانی دڵخوازی منە و پەرەسەندنی ئاستی زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ