رووداو دیجیتاڵ
راهێنەری هەڵبژاردەی پۆڵەندا لێسەندنەوەی نیشانەی کاپتنی لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، کاپتنی هەڵبژاردەکە راگەیاند و ئەو ئەستێرەیەش دەڵێ، ئەوەی روویداوە ناهەقیی و زوڵمە.
میچێل پرۆبێرز راهێنەری هەڵبژاردەی پۆڵەندا، رایگەیاندبوو بڕیاریداوە نیشانەی کاپتنیی هەڵبژاردەکە، لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی وەربگرێتەوە و بیداتە پیۆتێر زیلینسکی. وەک ئەو راهێنەرە دەڵێ ئەو کارەی لەبەر بەرژەوەندیی تیپەکەی کردووە.
لای خۆیەوە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری هەڵبژاردەکە و کاپتنی پێشوو رایگەیاند، هەستی بەناهەقی کردووە لە بڕیارەکەدا و شێوازی راگەیاندنەکەی بەدڵ نەبووە.
لیڤا کە پێشتر رایگەیاندبوو پێویستی بەپشوو هەیە و لەگەڵ هەڵبژاردەکە، بەشداری گەڕی ئەمجارەی یارییەکانی پاڵاوتن ناکات، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا لەپاش بڕیاری راهێنەرەکەی گوتی، لە کاتێکدا سەرقاڵی ئامادەکردنی منداڵەکانم بووم بۆ نووستنیان، زانیم نیشانەی کاپتنیم لێسەندراوەتەوە.
لیڤا هەروەها دەڵێ، 11 ساڵ کاپتنی هەڵبژاردەکە بووم، ماوەی 17 ساڵیش یاریزانی هەڵبژاردەکە. پێموایە دەبوو دۆخەکە بەشێوەیەکی دیکە چارەسەر بکرێت، ئێمە یارییەکی گرنگمان لەبەردەمە، کەچی هەموو شتێکیان بەتەنیا تەلەفۆنێک چارەسەرکرد. نەدەبوو کارەکە بەو شێوەیە بێت، راهێنەر خیانەتی لێکردم.
لیڤاندۆڤسکی دووپاتیدەکاتەوە کە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی هەموو کات بەلایەوە گرنگترین شت بووە، دەڵێ هەست بەئازاری زۆر دەکەم بەهۆی شێوازی پێڕاگەیاندنی لێسەندنەوەی نیشانەکەوە.
لای خۆیەوە، میچێل پرۆبێرز راهێنەری هەڵبژاردەی پۆڵەندا ئاشکرایکرد، بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ لیڤاکردووە و بڕیارەکەی پێڕاگەیاندووە.
ئەو دەڵێ، "پێموت کە پێموایە پێویستە شتێک لە تیپەکەدا بگۆڕدرێت و بەڕای من، پیۆتێر زیلینسکی لەم کاتەدا کاپتنێکی باشتر دەبێت. رۆبێرت وەڵامی دایەوە و گوتی نیشانەی کاپتنی هیچ مانایەکی نییە و هیچ شتێک ناگۆڕێت.
منیش وەڵامم دایەوە کە رەنگە ئەوە بۆچوونی ئەو بێت، بەڵام من پێموابوو ئەوە زۆر شت دەگۆڕێت، هەر بۆیە بڕیارمداوە کە پیۆتێر کاپتن بێت".
راهێنەری پۆڵەندا زیاتر ئاشکرایکردووە، "رۆبێرت پێی راگەیاندم کە دەیەوێت بە فەرمی وا رابگەیەنرێت کە گوایە خۆی بڕیاری داوە دەستبەرداری نیشانەی کاپتنی بێت. منیش پێم وت کە رازی نیم، چونکە ئەوە بڕیاری من بووە".
لیڤاندۆڤسکی لە پەرچەکرداری ئەو بڕیارەی راهێنەردا، ئاشکرایکرد تاوەکو میچێل لە هەڵبژاردەکە بێت، ئەو درێسی هەڵبژاردەکە ناپۆشێتەوە، بەڵام پروبێرز دووپاتیدەکاتەوە، ئەو هەوڵینەداوە لیڤاندۆڤسکی بەوازهێنان لە هەڵبژاردەکە ناچار بکات و دەڵێ، "کەس دەرگای لەسەر ئەو دانەخستووە، چونکە هیچ گفتوگۆیەک لەسەر وازهێنانی لە یاریکردن بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی نەکراوە. من لە رێگەی سۆشیال میدیاوە هەواڵەکەم زانی کە ئەو وازی هێناوە، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم. بۆ من، هەڵبژاردەی نیشتمانی گرنگترین شتە".
لیڤای 36 ساڵ، پێشەنگی گۆڵکەرانی مێژووی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیەتی بەتۆمارکردنی 85 گۆڵ لە 158 یاریدا و لە 2014ەوە کاپتنی پۆڵەندایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ