لیڤاندۆڤسکی ئاشکرایدەکات کە چۆن دەتوانن لە ئێمباپێ و ریال مەدرید ببەنەوە

22-05-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
رووداو هەولێر 

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، شێوازی یاریکردنی بارسێلۆنا بۆ بردنەوەی لە ریال مەدرید بە ئامادەبوونی کیلیان ئێمباپێ ئاشکرا دەکات.
 
هێرشبەری پۆڵەندی، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا، ئەو شێوازەی ئاشکراکرد کە تیپەکەی وەرزی داهاتوو بەرامبەر یانەی ریال مەدرید دەبێت پەیڕەوی بکات بۆ بردنەوە لە مێرینگێ، دوای هاتنی کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی، کە پێشبینی دەکرێت لە هاوینی داهاتوودا ببێتە یاریزانی ریال مەدرید.
 
هەموو هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئێمباپێ دوای ئەوەی بەفەرمی رۆیشتنی لە پاریس سانجێرمان راگەیاند، گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆکردووە بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوو درێسی مێرینگێ بپۆشێت، کە هێزێکی زیاتر بە پێکهاتەی ریال مەدرید دەبەخشێت.
 
ئەستێرە پۆڵەندییەکە لە لێدوانێکیدا کە رۆژنامەکانی ئیسپانیا ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویانکردووەتەوە، دەڵێت "ئێمباپێ ئێمە ناترسێنێت، بەدڵنیاییەوە یاریزانێکی سەرسوڕهێنەرە، ئەگەریش پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات، ئەوا دەبێتە تیپێکی زۆر بەهێز، بەڵام عەقڵیەتی تیپ گرنگە، یاریزانانی بەرامبەر چەندە باش بن، ئەگەر وەک تیمێک یاری بکەین، هەموومان پێکەوە کار بکەین، دەتوانین لێیان ببەینەوە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت لە یەکەم یاری و خولەکی یەکەمەوە ئامادەکاری بکەین، چونکە بەدڵنیاییەوە ریال مەدرید پێویستی بە کات دەبێت، لە سەرەتاوە ئاستێکی باش پێشکێش ناکات و خاڵیش لەدەست دەدات، ئێمە دەبێت سوود لەوە وەربگرین و لە پێشیانەوە بین وەک دوو وەرز لەمەوبەر، کە یاری هەبوو نەمانتوانی بیبەینەوە، بەڵام نەشمان دەدۆڕاند.
 
هەروەها لیڤاندۆڤسکی باسی لە کۆتا هەڵوێستی خۆی کرد سەبارەت بە جێهێشتنی بارسێلۆنا لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا و روونیکردەوە "بۆ من زۆر روونە و دەمەوێت لەگەڵ بارسێلۆنا بمێنمەوە و زۆر شت ببەمەوە. لە رووی تەکنیکی و جەستەییەوە باشم. لانیکەم بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە لە ئاستێکی بەرزدا یاری دەکەم، بەڵام ئەگەر هەست بکەم کە باش نیم، یەکەم کەس دەبم بڵێم من تەواو".
 
ئەو یاریزانە تەمەن 35 ساڵە، لە وەرزی 2023/2024 لە 48 یارییدا لەگەڵ بارسێلۆنا توانیویەتی 25 گۆڵ تۆمار بکات و 9 ئەسیستیشی هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە