راهێنەری فرانکفۆرت: ئێمە لە ریال مەدرید ناترسین

10-08-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئۆلیڤەر گلاسنێر ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئۆلیڤەر گلاسنێر، راهێنەری یانەی ئاینتراخت فرانکفۆرت، بەوپەڕی بڕوابەخۆبوونەوە رایگەیاند، خۆی و تیپەکەی لە ریال مەدرید ناترسن، گوتیشی "بەوپەڕی پەرۆشی و خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەم یارییە دەكەین".
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە هێلسنکی پایتەختی فینلاند، یاریی جامی سوپەری ئەوروپا، لە نێوان هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی بەڕێوەدەچێت.
 
ئۆلیڤەر گلاسنێر، راهێنەری ئاینتراخت فرانکفۆرت، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا باسی گرنگیی کەریم بنزیمای هێرشبەری فەرەنسی ییانەی ریال مەدریدی کرد و گوتی "بێگومان کاتێک رووبەڕووی ریال مەدرید دەبیتەوە، پێویستت بە بەرگرییەکی نایاب هەیە، بەتایبەتی بەرامبەر هێرشبەرانی وەک کەریم بنزیما، کە گۆڵکاری ژمارە یەکە لە چامپیۆنزلیگ".
 
ئەو زیاتر لەبارەی کەریمەوە گوتی "ئەو یاریزانێکە بەڕاستی کۆنتڕۆڵکردنی قورسە و بە کوالێتییەکەی جیا دەکرێتەوە، بۆیە زۆر گرنگە کۆنترۆلی ئەو یاریزانانە بکەین کە تۆپەکەی پێدەگەینن، وەک ڤینیسیوس، ڤالڤێردی و رۆدریگۆ، چونکە لە کۆتاییدا بەرگریکردن بەرامبەر بنزیما قورسە".
 
راهێنەری یانە ئەڵمانییەکە، لە درێژەی قسەکانیدا، دووپاتیکردەوە کە ئەوان بەپەرۆشن بۆ ئەنجامدانی یارییە گەورەکان لەگەڵ یانە بەهێزەکان و گوتی "ئێمە بەوپەڕی پەرۆشی و خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەم یارییە دەكەین، بەو پێیەی پاداشتمانە بۆ بردنەوەی نازناوی یۆرۆپالیگ و دەرفەتمان بۆ رەخسا لە جامی سوپەری ئەوروپا یاریی بكەین، دەزانین رووبەڕووی براوەی چامپیۆنزلیگ دەبینەوە، كە وەرزی رابردوو توانیویانە لە مانچێستەر سیتی، پاریس سانجێرمان و چێڵسی ببەنەوە، ئەم تیپە بێگومان یاریزانەکانی زۆر لێهاتوون، بەڵام دەمانەوێت بەرامبەر تیپێکی لەو جۆرە یاری بکەین بۆ ئەوەی باشترین ئاست پێشکەش بکەین".
 
ئۆلیڤەر گلاسنێر، لە کۆتایی قسەکانیدا، دووپاتیشیکردەوە کە ئەوان لە ریال مەدرید ناترسن و گوتی "ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین لەسەر یاریگاکە و ئێمە لە ریال مەدرید ناترسین، چێژ لە یاریکردن وەردەگرین و چاوەڕێی یارییەکە دەکەین، ساڵی رابردوو لەسەر گۆڕەپان نیشانماندا کە هەمیشە دەرفەتێک هەیە ئەگەر بتەوێت بەکاری بهێنی".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە