راهێنەرێک چوار ساڵ بە دزییەوە وێنەی خانمە یاریزانەکانی گرتووە و بۆ هەمیشە سڕکرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پیتەر ڤلاچۆڤسکی یانەی سلۆڤاکۆی چیکی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئەوەی بە دزییەوە وێنەی خانمە یاریزانەکانی گرتووە، راهێنەرێکی تۆپی پێ بۆ هەمیشە لە راهێنەرایەتیکردن سڕکرا.
 
رووداوەکە سەرەتای ئەم ساڵ ئاشکرابوو و لە نێو تیپی تۆپی پێی خانمانی یانەی سلۆڤاکۆی چیکی روویداوە، راهێنەری یانەکە پیتەر ڤلاچۆڤسکی، بۆ ماوەی چوار ساڵ بە نهێنی وێنەی یاریزانەکانی گرتووە و لە کاتی خۆ شوشتن و خۆ گۆڕینی یاریزانەکاندا دیمەنەکانیان تۆمارکراوە.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، راهێنەرەکە کامێرای چاودێریی بە دزییەوە لە شوێنی شاراوە داناوە و ڤیدیۆ و وێنەی یاریزانەکانی گرتووە، لەکاتێکدا یاریزانەکانی بە تەمەن بچووکن و بچووکترینیان تەمەنی تەنیا 17 ساڵە.
 
دوای ئاشکرابوونی ئابڕووچوونەکە، سەرەتا پیتەر ڤلاچۆڤسکی، راهێنەری تیپی خانمانی یانەکە سزای زیندانیکردنی بۆ ساڵێک و قەدەخەکردنی لە کارکردنی وەکو راهێنەر بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەسەردا سەپێنرا و بەوە تومەتبار کراوە کە ماوەی 4 ساڵ وێنەی 14 یاریزانی بە دزییەوە گرتووە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، ماوەیەکی زۆرە ئەو رووداوە روویداوە، بەڵام یاریزانەکان پێیان نەزانیووە کە ڤیدیۆیان تۆمارکراوە، تاوەکو ئەو کاتەی راهێنەرە دەستگیرکراوە.
 
ئێستا زانیاریی نوێ راگەیێنراوە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا بڕیارییدا، ئەو راهێنەرە بۆ هەمیشە لە کارکردن وەکو راهێنەر راگیرا.
 
چیک بڕیارییداوە چیدیکە رێگەنەدات ئەو راهێنەرە لە ناوخۆی وڵاتەکە راهێنەرایەتی بکاتەوە، سەندیکای جیهانیی یاریزانانی پیشەگەریش لێکۆڵینەوەی تەواو لە رووداوەکە دەکات و دەیەوێت لە رێگەی یاساییەوە کار بۆ ئەوە بکات کارکردن لەو راهێنەرە لە هەموو شوێنێک قەدەخە بکات.
 
ئەو کاتە رووداوەکە ئاشکرا بوو یاریزانەکان بەبێ ئەوەی ناویان بهێنرێ قسەیان بۆ میدیای چیک کردو و گوتیان، دوای ئەم رووداوە ئیدی ئەوان شەوان دەترسێن بخەون و لە شوێنە گشتییەکانیشدا تووشی دڵەڕاوکێ دەبن، لەوەی نەکا وێنەیان بە دزییەوە بگیرێ.
 
یوفا داوای لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان کردووە، مۆڵەتی راهێنەرایەتیکردن لەو راهێنەرە وەربگرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە