سۆڵشایەر بەشداری بە رۆناڵدۆ دەکات

10-09-2021
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
نیشانەکردن كریستیانۆ رۆناڵدۆ رۆناڵدۆ مانچێستەر یونایتد
A+ A-

ئۆلی گونار سۆڵشایەر، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد، باسی ئەگەری بەشداریکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی کرد لە یاریی یانەکەی بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتد لە پرێمەریگ.

لە دەستپێکی کۆنگرە رۆژامەڤانییەکەی سۆڵشایەر سەبارەت بە ئامادەکاری مانچێستەر یونایتد لە بەرامبەر نیوکاسڵ گوتی: "رۆناڵدۆ بۆ ئەو یارییە ئامادەیە و بەشداریی دەکات، بەڵام روونینەکردەوە، وەکو یاریزانی سەرەکی بەشدار دەبێت، یان وەکو یاریزانی یەدەگ، بەڵام جەختی کردەوە کە رۆناڵدۆ هەفتەیەکی باشی پڕ لە راهێنانی لەگەڵ یانە نوێیەکەی بەڕێکردووە، بۆیە لە لیستی یاریزانەکانم دەبێت بۆ یاریی گەڕی چوارەمی پرێمەلیگ".

هەروەها سۆڵشایەر گوتی: "هەموومان خۆشحاڵین کە جارێکی دیکە رۆناڵدۆ بۆ مانچێستەر گەڕایەوە، ئەمە بۆ میزاجی یاریزانانی تیپەکەمان زۆر باش بوو، هەموومان دەزانین رۆناڵدۆ لە پیشەکەیدا چی بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا دەیەوێ هەوڵی زیاتر بدات و نازناوی زیاتر بەدەستبهێنێت. ئەو دیسیپلینێکی باشی بەسەر ژیانی خۆیدا سەپاندووە، هەر ئەمە وای لە رۆناڵدۆ کردووە کە بەردەوامبێت لە پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرز لە گۆڕەپانی تۆپی پێدا".

راهێنەرە نەرویجییەکە ئەوەشی گوت: "رۆناڵدۆ یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ، ئەو یاریزانێکی جیاوازە، هەمیشە هەوڵ دەدات زۆرترین گۆڵ تۆمار بکات، لە ساڵانی داهاتووشدا دەتوانێت گۆڵی زۆر تۆمار بکات".

سەبارەت بە بەخشینی ژمارە 7 بە رۆناڵدۆ، سرۆڵشایەر گوتی: " ئیدیسۆن کاڤانی وەرزی رابردوو ئاستێکی نایابی پێشکێش کرد، رۆناڵدۆ قسەی لەگەڵ کاڤانی کرد، بۆ ئەوەی درێسی ژمارە 7ی پێببەخشێت، بە خۆشحاڵییەوە کاڤانی داواکارییەکەی رۆناڵدۆی قبوڵکرد، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەستێرەکانی یانەکە چەند رێز لە کەسایەتیی رۆناڵدۆ دەگرن، ئەوە بەڵگەیە کە یاریزانەکان لەنێوان خۆیاندا چەند بە چاوی رێز و خۆشەویستییەوە لە یەکدی دەڕوانن".

سەبارەت بە رۆڵی رۆناڵدۆ و بەشداریکردنی لە یارییەکانی ئەم وەرزە وەڵامی راهێنەر بەمشێوەیە بوو: "رێز و خۆشەویستییەکی زۆر لەنێوانماندا هەیە، ئەو دەزانێت، کە من بڕیار دەدەم کە کێ لە پێکهاتەی سەرەکیدا بەشداری دەکات. بڕیاری کۆتایی لەلای منە. ئێمە پێشتر لە یانەی مانچێستەر ماوەیەکی باشمان پێکەوە بەسەر بردووە، بۆیە پێویست ناکات من پێی بڵێم چیبکات و چی نەکات، چونکە یەکدی دەناسین و لە یەک تێدەگەین".





کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە