رووداو دیجیتاڵ
یانەی تۆتنهام، بەشێوەیەکی فەرمی دوورخستنەوەی تۆماس فرانکی راهێنەری یانەکەی راگەیاند، ئەمەش بەهۆی خراپی ئەنجامەکانی تیپەکە بە شێوەیەکی بەرچاو لەم وەرزەدا.
تۆتێنهام لە راگەیندراوێکی فەرمیدا کە لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ' X' بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت "یانەکە بڕیاریدا گۆڕانکاری لە راهێنەری تیپی یەکەمدا بکات، تۆماس فرانک ئەمڕۆ ئەرکەکەی بەجێدەهێڵێت".
هەروەها دەڵێت "تۆماس لە مانگی 6ـی 2025 دەستبەکاربوو، ئێمەش پێداگربووین لەسەر ئەوەی کات و پاڵپشتی پێویستی بدەینێ بۆ ئەوەی پێکەوە داهاتوویەکی باشتر بونیاد بنێین".
لە بەشێکی دیکەی راگەیندراوەکە هاتووە و دەڵێت "ئەنجامەکان و ئاستی تیپەکە، ئەنجومەنی کارگێڕییان گەیاندە ئەو بڕوایەی کە پێویستە لەم کاتەی وەرزدا گۆڕانکاری بکرێت".
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەدا هاتووە "لە تەواوی ماوەی بوونی لە یانەکەدا، تۆماس پابەندییەکی بێوێنەی پیشاندا و هەموو هەوڵێکی خۆیدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تیپەکە، زۆر سوپاسی دەکەین بۆ کارەکانی و هیوای سەرکەوتن و بەختێکی باشی بۆ دەخوازین لە داهاتوودا".
ئەم دوورخستنەوەیە دوای دۆڕانی تۆتێنهام دێت لە یاریگای خۆیدا بەرامبەر نیوکاسڵ بە ئەنجامی 1-2، کە رۆژی سێشەممە لە چوارچێوەی گەڕی 26ـی پرێمەرلیگ بەڕێوەچوو.
تۆتێنهام لە دوایین 8 یاری خۆیدا لە پریمەرلیگ هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە، لە 4 یاریدا دۆڕاوە و لە 4 یاریشدا یەکسانبووە، بەوەش بە کۆکردنەوەی 29 خاڵ لە پلەی شازدەیەمی ریزبەندییەکەدایە و تەنیا 5 خاڵ لە ناوچەی مەترسیی دابەزین بۆ خولی پلە یەک دوورە.
بە پێچەوانەی پرێمەرلیگ تۆتێنهام لە چامپیۆنزلیگ بە ئاستێکی باشدا تێدەپەڕێت و راستەوخۆ سەرکەوت بۆ قۆناخی 16، دوای ئەوەی لە قۆناخی خولدا پلەی چوارەمی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ