ڤیدیۆ؛ ئامەدسپۆر بردنەوەیەکی گرنگی تۆمارکرد

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئامەدسپۆر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆر بردنەوەیەکی گرنگی تۆمارکرد و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە یانەی ئیستەنبوڵ سپۆر بردەوە.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 30ـی خولی پلە یەکی تورکیا، یانەی ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئیستەنبوڵ سپۆر یارییکرد و یارییەکەی بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
 
لە نیوەی یەکەمدا ئامەدسپۆر بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و لە خولەکی 34 فێلیکس ئافێنا جیان، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەکە تۆمارکرد.
 
دوای تەنیا پێنج خولەک لەو گۆڵە، ئێمبای دیانێ گۆڵی دووەمی بۆ ئامەدسپۆر تۆمارکرد و نیوەی یەکەمی یارییەکە لە بەرژەوەندی ئامەدسپۆر تەواو بوو.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا، مەهمەت یەشل، بۆ جاری سێیەم تۆڕی گۆڵی خاوەن یاریگەی هەژاند و یانەی ئامەدسپۆری زیاتر لە بردنەوەی یارییەکە نزیککردەوە.
 
لە خولەکی 89 ئێمبای دیانێ، گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی ئامەدسپۆری تۆمارکرد، یانەکەی باکووری کوردستان بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە و سێ خاڵی گرنگی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەدەستهێنا.
 
بەبردنەوەی ئەم یارییە، ئامەدسپۆر ژمارەی خاڵەکانی لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە گەیاندە 61 خاڵ و لە رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە سوپەرلیگی وەرزی داهاتوو بەردەوامە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە