رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، دەستەی کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا بەسەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی گورزێکی مێژوویی لە رکابەرە تەقلیدییەکەی، ریال مەدرید بدات، ئەویش بەئەنجامدانی گرێبەستێکی گەورە و مێژوویی.
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ریال مەدرید سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی ئەو یاریزانانەی کە دەیەوێت، ئەمەش بەهۆی هێزی دارایی و هونەری دانوستانکارییەوە، لەکاتێکدا بارسێلۆنا بەدەست قەیرانە ئابوورییە گەورەکانەوە دەناڵێنێت کە بەشێوەیەکی بەرچاو خەرجییەکانی کەمکردەوە و وایکردووە نەتوانێت گرێبەستی یەکێک لە ئەفسانە هەرە دیارەکانی، کە لیۆنێل مێسی بوو نوێ بکاتەوە. یاریزانەکە بەگریانەوە رۆیشت و پەیوەندی بە یانەی پاریس سانجێرمانەوە کرد، پێش ئەوەی لەگەڵ ئینتەرمەیامی لە ئەمریکا نیشتەجێ بێت.
بەڵام ئێستا یانە کەتەلۆنییەکە بەشێکی زۆری هێزی دارایی خۆی بەدەستهێناوەتەوە، ئەمەش بەهۆی پڕۆسەیەکی گۆڕین و نوێکردنەوەی پێکهاتەکەی بە گەنجانی ئەکادیمیای لاماسیا، و لە کلاسیکۆیەکانی ئەم وەرزەدا گورزێکی قورسی لە لۆس بلانکۆس داوە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئێل ناسیۆناڵی ئیسپانی، تادێت خەونی بارسیلۆنا بۆ گواستنەوەی ئێرلینگ هالاندی ئەستێرەی نەرویجیی یانەی مانچێستەر سیتی، لە خەونێکی سادەوە بۆ ئەگەرێکی واقیعی دەگۆڕێت.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە هالاند هەمیشە خواستی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەزموونکردنی خولی ئیسپانی دوای یاریکردنی لە بۆندێسلیگا و پرێمەرلیگ، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی راستەوخۆ بۆ ریال مەدرید و بارسێلۆنا. بەڵام چەندین راپۆرت پشتڕاستیان کردەوە کە ئەو یاریزانە لە ماوەیەکی نزیک یان مامناوەنددا پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە ناکات، نەک لەبەر هۆکاری دارایی یان گرێبەست، بەڵکو بە هۆکاری ستراتیژی و وەرزشی، کە بەهۆی بوونی ڤینیسیۆس جونیۆر لە ریال مەدرید، هەروەها لەگەڵ چوونی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید، دەرفەتەکانی هالاند لە پێکهاتەی سەرەکیدا کەم دەکاتەوە.
سەبارەت بە بارسێلۆنا، هالاند پڕۆژەیەک دەبینێت کە لەڕێگەیەوە بتوانێت ببێتە پێشەنگی سەردەمی نوێ کە لەلایەن هانزی فلیکی راهێنەرەوە بنیات دەنرێت.
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە "ئەو گرێبەستە لەوانەیە بە 175 ملیۆن یۆرۆ زیاتر لەسەر بارسێلۆنا بکەوێت، ئەمە جگە لە مووچەی یاریزانەکە، ئەمەش وایکردووە گرێبەستێکی زۆر گەورە بێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە مەبەست لێی تەواوکردنی گرێبەستەکەیە لە ساڵی 2026، کاتێک گرێبەستەکەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری پۆڵەندی کۆتایی دێت، چونکە ئەوکات بارسا کاتێکی پێویستی هەیە بۆ دەستکاریکردنی بودجەی خۆی".
بەهۆی ئەوەی گرێبەستی ئەستێرە پۆڵەندییەکە بڕیارە لەساڵی 2026 کۆتایی پێبێت، بلاوگرانا دەستەوارەیەک بۆ گواستنەوەی هالاند ئامادە دەکات کە بەهاکەی نزیکەی 175 ملیۆن یۆرۆیە. ئەمە لەکاتێکدایە کە گرێبەستی ئێستای یاریزانە نەرویجییەکە لەگەڵ مانچێستەر سیتی تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2034 درێژدەبێتەوە، بەڵام مەرجی هەڵوەشاندنەوەی هەیە، کە 175 ملیۆن یۆرۆیە".
هالاند لە کۆتایی مانگی ئازاردا تووشی پێکان بوو لە پاژنەی پێیدا، ئەمەش وایکرد لە دوایین هەشت یاری مانچێستەر سیتی بەشداری نەکات. تاوەکو دوای نزیکەی 40 رۆژ گەڕایەوە پێکهاتەی مانچێستەر سیتی بۆ یارییەکەی بەرامبەر ساوسهامپتن، بەڵام نەیتوانی گۆڵ بکات و یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ