عێراق بە 6 یاریزانی کوردەوە دەیەوێت لە مۆندیال نزیک ببێتەوە

11-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق یەکەم یاریی لە رکابەرییەکانی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا ئەنجامدەدات و دەیەوێت هەنگاوێکی گرنگ لە گەیشتن بە مۆندیال نزیک ببێتەوە.
 
ئەمشەو لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە پاشکۆی پاڵاوتنەکاندا لە شاری جەدەی سعودیە، هەڵبژاردەی عێراق یەکەم یاریی خۆی ئەنجامدەدات و رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیندۆنیزیا دەبێتەوە، بۆ یارییەکە 6 یاریزانی کورد لە ریزەکانی هەڵبژاردەکەدا یاری دەکەن.
 
شێرکۆ کەریم، ئاکام هاشم، یوسف ئەمین، مێرخاس دۆسکی، ئوسامە رەشید و مارکۆ فەرەج، ئەو یاریزانە کوردانەن کە بۆ دوو یاریی یەکلاکەرەوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق کراون.
 
چەند رۆژێکە هەڵبژاردەی عێراق بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ ئەم دوو یارییە لە سعودیەیە و ئامادەکارییەکی تەواوی کردووە بۆ ئەوەی یەکەم بردنەوە لە رکابەرییەکەدا تۆماربکات، سەرجەم یاریزانەکانی بۆ یاریی ئەمشەو بەرامبەر ئیندۆنیزیا ئامادەن، لە کاتێکدا گومان لە بەشداریکردنی ئەیمەن حوسێن، هێرشبەری یانەی گەرمە هەبوو، دوای ئەوەی لە یاریی یانەکەیدا بەرامبەر یانەی هەولێر هەستی بە ئازار کرد و یاریگەی بەجێهێشت، بەڵام یاریزانەکە لە دوایین مەشقەکاندا دەرکەوتووە و ئامادەیە بۆ یارییەکە.
 
ئەمە یەکەم دەرکەوتنی عێراقە لە پاشکۆی پاڵاوتنەکاندا، هەڵبژاردەی ئیندۆنیزیا دووەم یارییەتی دوای ئەوەی لە یاریی یەکەمدا بە دوو گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ بە هەڵبژاردەی سعودیە دۆڕا.
 
بردنەوەی یارییەکە بۆ عێراق مانایەکی زۆری هەیە و هەڵبژاردەکە لە گەیشتن بە مۆندیال نزیکدەکاتەوە، کاتێک رۆژی سێشەممە لە دووەم یارییدا بەرامبەر هەڵبژاردەی سعودیە یاری دەکات، دۆڕانیش لە یارییەکەدا هیوای عێراقییەکان بۆ گەیشتن بە مۆندیال لاواز دەکات.
 
لە قۆناخی رابردووی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال، عێراق و ئیندۆنیزیا لە یەک کۆمەڵەدابوون، هەردوو هەڵبژاردە دوو یارییان کرد و عێراق هەردوو یارییەکەی بردەوە.
 
عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال و جامی ئاسیادا 7 یاریی بەرامبەر ئیندۆنیزیا کردووە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لە دوایین یارییشیدا بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لەو هەڵبژاردەیەی بردووەتەوە و دەیەوێت بەو مێژووە گەشەوە بردنەوەیەکی دیکە بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە تۆماربکات و هەنگاوێکی گرنگ لە گەیشتن بە مۆندیالی 2026 نزیکببێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە