یەکەم لێدوانی ڤاڵڤێردی دوای هاتریکە مێژووییەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن فێدریکۆ ڤاڵڤێردی چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فێدریکۆ ڤاڵڤێردی شەوێکی لەبیرنەکراوی پێشکێشی تۆپی پێی جیهان و هاندەرانی ریال مەدرید کرد و بە تۆمارکردنی هاتریک سەرکردایەتیی یانەی ریال مەدریدی کرد بۆ بردنەوە لە مانچێستەر سیتی.
 
لە یاریی چوونی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر مانچێستەر سیتی یارییکرد.
 
بەر لە یارییەکە بەهۆی یاریی نەکردنی کیلیان ئێمباپێ، رۆدریگۆ، بێلینگهام، ئەلڤارۆ کارێراس، ئیدێر میلیتاو، دەیڤد ئالابا و دانی سێبایۆس، بۆچوونی جیاواز لەبارەی یارییەکەوە هەبوو و زۆربوون ئەوانەی لەنێو هاندەرانی ریال مەدرید لەم یارییە دەترسان، بەڵام ڤاڵڤێردی قسەیەکی جیاوازتری هەبوو.
 
لە یارییەکە فێدریکۆ، جیاواز لە یارییەکانی رابردوو، رۆڵی هێرشبەرێکی کامڵی بینی و سێ گۆڵی بەدوای یەکدا بۆ یانەی ریال مەدرید تۆمارکرد، هاتریکێکی مێژوویی بوو و بەو سێ گۆڵە ریال مەدرید یاریی چوونی قۆناخی شازدەی لە مانچێستەر سیتی بردەوە.
 
ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی یارییکردنیدا، ڤاڵڤێردی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا هاتریک تۆماربکات، هاوکات یەکەم هاتریکی ئەو یاریزانەیە بەدرێسی یانەی ریال مەدریدەوە.
 
ڤاڵڤێردی لە دوایین دوو یارییدا لە چامپیۆنزلیگدا، 3 گۆڵی بەرامبەر مانچێستەر سیتی تۆمارکرد، دوو ئاسیستی بەرامبەر بێنفیکا کردووە.
 
ئەستێرە ئۆرۆگواییەکە بەر لە یاریی بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە 75 یاریی چامپیۆنزلیگدا 3 گۆڵی هەبوو، بەڵام تەنیا لەو یارییەدا سێ گۆڵی تۆمارکرد.
 
ڤاڵڤێردی لە دوایین 6 یارییدا بەدرێسی ریال مەدریدەوە 4 گۆڵ و 2 ئاسیستی کردووە، بەشداریی لە 6 گۆڵدا کردووە.
 
دوای بردنەوە و تۆمارکردنی هاتریکێکی مێژوویی بۆ ریال مەدرید ڤاڵڤێردی لە یەکەم لێدوانیدا گوتی "ئەمە یەکێک لە باشترین یارییەکانی ژیانی من بوو، زۆر چێژم لە یارییەکە بینی و ماوەیەکی درێژ هێندە چێژم نەبینیبوو."
 
ئەستێرەی یەکەمی یارییەکە دەڵێت "خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکە بە دیاری دەدەمە منداڵەکانم."
 
لەبارەی ئەوەی لێدانێکی سزایان لە یارییەکەدا لەدەستدا؟ ڤاڵڤێردی گوتی "گرنگ کارکردنی بە کۆمەڵ و توانای بە کۆمەڵی تیپەکە بوو، دەچینە یاریگەی ئیتیحاد وەکو ئەوەی یارییەکە 0-0 بێت."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە