4 هۆکار لە پشت دۆڕانە گەورەکەی مانچێستەر سیتی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا مانچیستەر سیتی یانەی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ریال مەدرید سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر مانچێستەر سیتیدا بەدەستهێنا بەئەنجامی 3-0، لە یاریی چوون لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، بەمەش تیپە شاهانەکە هەنگاوێکی گەورەی بەرەو بڕی بۆ گەیشتن بە قۆناخی 8 پاڵەوانێتییەکە.
 
فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی، ئەستێرەی ئۆرۆگوایی، وەک باشترین یاریزانی یارییەکە دیاریکرا و یەکەم هاتریکی لە کاروانی وەرزشیدا تۆمارکرد.
 
شکستهێنانە گەورە و چاوەڕواننەکراوەکەی مانچێستەر سیتی بەرامبەر ریال مەدرید بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، کە دیارترینیان ئەمانەن:
 
1- متمانەبەخۆبوونی زیاد لە پێویستی پێپ گواردیۆلا
 
پێپ گواردیۆلا بەمتمانەیەکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵ یارییەکەدا کرد، بە پشتبەستن بە خراپی ئاستی ریال مەدرید لە ماوەی رابردوودا، گواردیۆلا بە 4 هێرشبەر بەشداری لە یارییەکە کرد، بەئامانجی یەکلاکردنەوەی سەرکەوتن هەر لە یاریی چووندا، ئەمەش وایکرد ناوەڕاستی یاریگا چۆڵ بکات و باجەکەیشی بە شکستهێنانێکی گەورە دا.
 
2- پلانی ئەلڤارۆ ئەربێلوا
 
ئەربێلوا بە پلانێکی تۆکمەوە یاریی کرد، بەشێوەیەک کە هەموو بۆشاییەکانی لەبەردەم مانچێستەر سیتیدا داخست لە ماوەی تەواوی 90 خولەکی یارییەکەدا. ئەربێلوا هەموو کەموکوڕییەکانی بەرگرییەکەی چاککرد کە زۆر تۆکمە بوون، هەموو هەوڵەکانی تیپە ئینگلیزییەکەی پەکخست.
 
3- سوپرایزەکەی ئەربێلوا
 
ریال مەدرید بێ هێرشبەرێکی سەرەکی یاریی کرد و ئازادی دا بە یاریزانانی ناوەڕاست بۆ ئەوەی بچنە پشتی بەرگریکارانی مانچێستەر سیتی کە بە گوشاری بەرز یارییان دەکرد. ڤاڵڤێردی سوودی لەو جۆرە بەرگرییە سیتی وەرگرت و هاتریکی تۆمارکرد، کە نزیکەی هەموویان لە رێگەی دەرچوونی بوو لە پشتی بەرگریکارانەوە.
 
4- خراپیی ئاستی ئەستێرەکانی مانچستەر سیتی
 
ئەستێرەکانی مانچێستەر سیتی 100% ئاستی خۆیان پێشکەش نەکرد، ئێرلینگ هالاند بەتەواوی دیار نەما، چونکە جارێکی دیکە ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر بەسەریدا زاڵ بوو، هەروەها هەردوو یاریزان سێمینیۆ و دۆکو نەیانتوانی لە باڵەکانەوە سەرکەوتوو بن بەهۆی باڵادەستی مێندی و ئەلیکساندەر ئارنۆڵد و پاڵپشتی یاریزانانی ناوەڕاستی ریال مەدرید.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە