رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بە تۆمارکردنی گۆڵێک سەرکردایەتیی تیپەکەی کرد بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە و بردنەوە لە ئەخدوود بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر و دوای یارییەکەش گوتی "هێشتا هیچ شتێک یەکلانەبووەتەوە."
رۆناڵدۆ دوای بردنەوەی یارییەکە قسەیکرد و گوتی "ئێمە بە کاتێکی باشدا تێدەپەڕین، یارییەکی باشمان ئەنجامدا و دوو گۆڵمان تۆمارکرد، بەڵام گرنگ بەردەوامبوونە، وەرزەکە درێژە و تاوەکو ئێستا هیچ شتێک یەکلانەبووەتەوە."
ئەستێرە پۆرتوگالییەکەی یانەی نەسڕ لەبارەی یاریی نەکردنی چەند یاریزانێکیان لە ماوەی رابردوودا گوتی "لە تۆپی پێدا ئەمە شتێکی ئاساییە، پێکان بەشێکە لە یارییەکە، بەتایبەت کاتێک گوشاری یارییەکان زیاتر دەبێت، بەڵام ئێمە خاوەنی کۆمەڵێکی بەهێزین و دەتوانین قەرەبووی هەموو پێکانێک بکەینەوە."
کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەڵێت "رۆحیەتی نێو تیپەکە زۆر نایابە، هەموو یەک بە یەک پاڵپشتیی یەکدی دەکەن، گەڕانەوەی بەشێکی یاریزانەکانی وەک ئینێگۆ مارتینێز بۆ ئێمە لەم قۆناخەدا پاڵنەرێکی زۆر بەهێزە."
لەبارەی ئەو ئاڵنگارییانەی لە ماوەی داهاتوودا رووبەڕووی یانەکە دەبنەوە، بەتایبەت کە رکابەریی تیپەکانی هیلال، ئەهلی و شەباب دەکەن و یارییان بەرامبەر ئەو یانانە ماوە، کریستیانۆ گوتی "پێویستە لەسەرمان مامەڵە لەگەڵ هەموو یارییەکان بکەین و بەپێی ئاستی خۆی، پێویستیمان بەبیرکردنەوەی تەواوەتی هەیە بۆ ئەوەی باشترین ئەنجام بەدەستبهێنین."
لە کۆتایی قسەکانیدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ گوتی "خشتەی یارییەکان قەرەباڵخە، بۆیە زۆر گرنگە سەرنج لەسەر شیاندنەوە دابنێین بۆ ئەوەی لە رکابەریکردن بەردەوامبین، ئەمە تێڕوانینی ئێمەیە و دڵخۆشین بەوەی بەدەستمانهێناوە، بەڵام دوای یارییەکە راستەوخۆ دەست بە ئامادەکاری دەکەین بۆ یاریی داهاتوو."
یانەی نەسڕ بەبردنەوەی یارییەکە ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 73 خاڵ و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی سعودییە، یاریی داهاتووی رۆژی چوارشەممە دەبێت و لە یاریگەی خۆی بەرامبەر ئیتیفاق یاریی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ