یانەی خانزاد پاڵەوانی شەتڕەنجی عێراقە

13-07-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی خانزاد
A+ A-
رووداو هەولێر 

یانەی شەترەنجی خانزاد جارێکی دیکە توانی باڵادەستی لە پاڵەوانێتیی شەترەنجی عێراق پیشان بدات و ئەمجارە کۆنتڕۆڵی نازناوەکانی کێبرکێی ئاستی تەمەنەکانی کرد. 
 
پاڵەوانێتیی ئاستی تەمەنەکانی عێراق لە شاری هەولێر بەسەرپەرشتی یەکێتیی شەترەنجی عێراق بە هەواهەنگی یانەی خانزاد هەفتەیەکی خایاند، 33 یانە بەشداربوون و 165 یاریزانی کوڕ و کچ لە تەمەنەکانی دوازدە ساڵ و شازدە ساڵ رکابەرییەکی بەهێزیان کرد. 
 
ئەنجامی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بەمشێوەیە بوو: 
 
ئاستی 12 ساڵ.. یانەی خانزاد پلەی یەکەم 18 خاڵ، یانەی مەلیک پلەی دووەم 16.5 خاڵ، یانەی ناسریە پلەی سێیەم 11.5 خاڵ. 
 
ئاستی 16 ساڵ: یانەی خانزاد پلەی یەکەم 18.5 خاڵ، یانەی مەلیک پلەی دووەم 15.5 خاڵ، یانەی ناسریە پلەی سێیەم 13 خاڵ. 
 
هاوار حەمەساڵح، ئەندام لە یەکێتیی شەتڕەنجی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو گوتی "شەرەفێکی گەورەیە کە پاڵەوانێتییەکی وا گەورە لەنێو یانەی خانزاد بەڕێوەچوو، هەموو کات دەرگای یانەکە بۆ میوانداریکردن کراوەیە، ئاستی یاریزانەکانی یانەکەش بەرز بوو کە پلەی یەکەمیان بردەوە". 
 
یەکێتیی شەترەنجی عێراق باشترین یاریزانەکان لە رێگای ئەو پاڵەوانێتییەوە دەستنیشانکرد بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراق، بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە. 
 
ئەو ئەندامەی یەکێتیی شەترەنجی عێراق زیاتر روونیکردەوە "هاوشێوەی پاڵەوانێتییە جیهانییەکان یانەی خانزاد توانی لەڕووی کارگێڕیی و ناوبژیوانییەوە سەرکەوتوو بێت، ئەمەش لەبەر ئەزموونی یانەکە کە پێشتر میوانداریی پاڵەوانێتیی و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە". 
 
یانەی خانزاد یانەیەکی تایبەتمەنی یاری شەترەنجە لە هەولێر لە 1998 دامەزراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە