بۆچی گواردیۆلا لە 2022 رەتیکردەوە گرێبەست لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ بکات؟

13-09-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا کریستیانۆ رۆناڵدۆ مانجێستەر سیتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بەپێی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، کتێبێکی نوێ ئاشکرای دەکات کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەساڵی 2022 خۆی پێشکێشی پێپ گواردیۆلا کردووە و ئامادەبووە درێسی مانچێستەر سیتی بپۆشێت، بەڵام راهێنەرە ئیسپانییەکە داواکەی رەتکردووەتەوە، چونکە لەوە ترساوە کریس مەترسی هەبێت لەسەر تێکدانی سەقامگیریی یانەکە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەیی، کاپتنی یانەی نەسڕی سعودیە و هەڵبژاردەی پۆرتوگال، یەکێکە لە گەورەترین یاریزانانی تۆپی پێ لە مێژوودا و لە ماوەی ژیانی وەرزشیی پڕ لە سەرکەوتنەکانیدا ئاستێکی جیهانی پێشکێش کردووە، جا لەگەڵ مانچێستەر یونایتد بێت یان ریال مەدرید یان یوڤێنتوس. ئێستاش لە خولی رۆشنی سعودیە یاری دەکات و لەگەڵ یانەی نەسڕ دەدرەوشێتەوە.
 
ئەم هێرشبەرە بەئەزموونە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 دوای تێپەڕاندنی ماوەیەکی نادڵخواز لەگەڵ شەیتانە سوورەکان، پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە کرد لە خولی پیشەگەرانی سعودیە، لەو کاتەوە بەنزیکەیی لەهەموو یارییەکدا گۆڵێکی بۆ نەسڕ تۆمارکردووە.
 
بەڵام وەک دەیلی مەیل بەپشتبەستن بەو کتێبە کە لە 2024 چاپ کراوە، باسی دەکات، رۆناڵدۆ پێش ئەوەی پەیوەندی بە یانە سعودییەکەوە بکات، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 خۆی پێشکێشی مانچێستەر سیتی و پێپ گواردیۆلای ئیسپانی کردووە بۆ ئەوەی یاری بۆ تیپەکەی بکات، بەڵام پێپ ئەو بیرۆکەیەی رەتکردووەتەوە.
 
وەک دەیلی مەیل باسی دەکات، ئەو کتێبە کە باس لە ماوەی پێپ گواردیۆلا لە مانچێستەر سیتی دەکات، لە ساڵی 2024 بڵاوکرایەوە و هەندێک چیرۆکی سەرنجڕاکێشی لە ماوەی مانەوەی لە ئینگلتەرا ئاشکرا کردووە، یەکێک لەو چیرۆکانە ئەوەیە کە دوای جێهێشتنی ئۆڵدترافۆرد، دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخسا گرێبەست لەگەڵ رۆناڵدۆ بکات لە گواستنەوەیەکی ئازاددا، بەڵام ئەو رەتیکردەوە.
 
بەپێی ئەو رۆژنامەیە، هۆکاری بڕیاری راهێنەرەکە ئەوەیە کە پێیوابووە ئەفسانەکەی پۆرتوگال بەباشی لەگەڵ شێوازی یاریکردنی لە مانچێستەر سیتی ناگونجێت.
 
ئەگەرچی هاندەرانی مانچێستەر یونایتد تووشی شۆک دەبوون گەر یەکێک لە گەورەترین یاریزانەکانیان بچێتە مانچێستەر سیتی، بەڵام وەک ئەو کتێبە باسی دەکات، رۆناڵدۆ ئامادە بووە ئەو بیرۆکەیە قبوڵ بکات و بچێتە ریزەکانی رکابەرەکەی مانچێستەر یونایتد گەر گواردیۆلا گرنگی پێبدایە.
 
دوای بنیاتنانی سیستمێکی یاریی پێشکەوتوو لە یاریگای ئیتیحاد، کە تێیدا هەموو یاریزانەکانی سەرسامبوون بە فەلسەفەکەی، راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا نەیویست مەترسی لەسەر تێکدانی سەقامگیریی یانەکە بکات بە هێنانی یاریزانێکی وەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ.
 
لە کتێبەکەدا هاتووە "کاتێک کریستیانۆ خۆی پێشکێشی گواردیۆلا کردووە، پێپ پێیگوتووە نەخێر کریستیانۆ، سوپاس".
 
لەوەتەی لەساڵی 2016 گەیشتووەتە مانچێستەر سیتی، گواردیۆلا نزیکەی دوو ساڵی پێویست بوو تاوەکو ریتمی راستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە، بەڵام توانی یانەکە بگۆڕێت بۆ یەکێک لە بەهێزترین تیپەکان، کە تاوەکو ئێستا لە پرێمەرلیگ یارییان کردبێت. شەش نازناوی خولی لەگەڵ تیپەکە بەدەستهێناوە و چەندین ژمارەی پێوانەیی شکاندووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە