عێراق دوایین ئامادەکاری دەکات و بە خۆڕایی بلیت دەداتە هاندەرانی

13-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق ئامادەکاری بۆ یارییەکی مێژوویی و یەکلاکەرەوە دەکات و جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی راستەوخۆ بگاتە مۆندیالی 2026.
 
رۆژی یەکشەممە هەڵبژاردەکە دەستی بە مەشق و راهێنان کردەوە و خۆی بۆ یاریی بەرامبەر سعودیە ئامادەدەکات، دوای ئەوەی سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیندۆنیزیا بەدەستهێنا.
 
ئەمشەو هەڵبژاردەی عێراق دوایین یەکەی مەشق و راهێنانی ئەنجامدەدات و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە تەواو دەبن.
 
رۆژی سێشەممە لە یاریی یەکلاکەرەوەی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، کاژێر 21:45 سعودیە و عێراق رووبەڕووی یەکدەبنەوە، هەڵبژاردەی سعودیە بەبردنەوە و یەکسانبوون لە یارییەکەدا راستەوخۆ دەگاتە مۆندیال، عێراق پێویستە یارییەکە بباتەوە.
 
محەممەد کنۆ لە سعودیە و زەید تەحسین لە عێراق بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یارییەکانی رابردوویاندا بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
 
بەر لە یارییەکە بە دوو رۆژ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند، بێبەرامبەر بلیتی یارییەکە بە سەر هاندەراندا دابەشدەکرێت، هەر هاندەرێک بۆی هەیە 5 بلیت بۆ خۆی هاوڕێکانی وەربگرێت بەو مەرجەی پاسپۆرتی پێنج کەسی لابێت و بە ئیمەیل بلیتەکان وەربگرێت بەرپرسیارەتی پێدانی بلیتەکان بە هاوڕێکانی هەڵبگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە