رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل بڕیاریداوە پاداشتێکی گەورەی کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل بکات.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، فیدراسیۆنەکە دەیەوێت گرێبەستی ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە تاوەکو 2030 نوێ بکاتەوە.
بەپێی سەرچاوەکان، گرێبەستە نوێیەکەی کارلۆ، ئەو دەکاتە خاوەن بەرزترین مووچە لە نێو سەرجەم راهێنەرانی هەڵبژاردەکانی جیهان.
ئەنچێلۆتی هاوینی رابردوو، لە پاش جیابوونەوەی لە ریال مەدریدی ئیسپانی، مەشقدانی هەڵبژاردەی بەرازیلی وەرگرت و لەگەڵیدا سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی 2026 مسۆگەر کرد.
سەرچاوەکان دەڵێن، فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، بەبڕیار و بژاردەکانی، رەزامەندیی هەمووانی لە بەرازیل بەدەستهێناوە، بەتایبەت ملکەچنەبوون لەبەردەم ویستی ئەستێرەیەکی وەک نەیمار داسێلڤا، کە ئەنچێلۆتی سوورە لەسەر دوورخستنەوەی، ئەگەر بەر لە مۆندیال، لە باشترین ئاستی خۆیدا نەبێت.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، سووربوونی ئەنچێلۆتی لەسەر دوورخستنەوەی نەیماری 33 ساڵان، لە بەرازیلدا کارێکی ئاسان نییە، چونکە ئەو ئێستا دیارترین یاریزانی هەڵبژاردەکەی و جەماوەرێکی یەکجار زۆری لە وڵاتەکەدا هەیە.
جیا لە بڕیارەکانی بەرامبەر ئەستێرەکان، ئەنچێلۆتی وەک ئەوەی سەرچاوەکان باسیدەکەن، توانیویەتی توانای یارییکردنی هەڵبژاردەکە بەرەو پێش ببات و ئێستا بەرازیل وەک بەربژێرێکی بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال، روو لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکە دەکات، لە کاتێکدا پێشتر گومانی زۆر لەسەر هەڵبژاردەکە هەبوو.
هەڵبژاردەی بەرازیلی خاوەن ژمارەی پێوانەیی جامی جیهانی بە 5 نازناو، لە مۆندیالی داهاتوودا لە کۆمەڵەی سێیەم دەبێت کە هەریەکە لە مەغریب، سکۆتلەندا و هایتی لەخۆ دەگرێت.
وەک سەرچاوەکان دەڵێن، فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل و ئەنچێلۆتی، لەسەر تەواوی وردەکارییەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نێوانیان رێکەوتوون، تەنیا ئەوە ماوە لە ئاهەنگێکی فەرمیدا، گرێبەستەکە واژۆ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ