کارلۆ ئەنچێلۆتی بۆ نەیمار: خاتری کەس ناگرم

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیشانەکردن هەڵبژاردەی بەرازیل مۆندیالی 2026 کارلۆ ئەنجێلۆتی نەیمار دا سێلڤا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل، جارێکی دیکە گومانی خستەوە سەر ئەگەری بانگهێشتکردنی نەیمار داسێلڤا بۆ پێکهاتەی هەڵبژاردەکە بۆ مۆندیالی 2026.
 
بڕیارە هاوینی داهاتوو، ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا میوانداریی مۆندیالی داهاتوو بکەن.
 
ئەنچێلۆتی ئامادەی تیروپشکی مۆندیال بوو کە تێیدا دەرکەوت بەرازیل لە کۆمەڵەی سێیەمی پاڵەوانێتییەکە، لەگەڵ هەریەک لە مەغریب، سکۆتلاند و هایتی یارییدەکات.
 
راهێنەری بەرازیل، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن لە دوای تیروپشکەکە گوتی، ئەگەر نەیمار شایستەی بوون لە لیستی هەڵبژاردەکەدابێت، هەروەها لەوانیدیکە ئامادەتر و باشتر بێت، لە مۆندیالدا یارییدەکات.
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە هەروەها دەڵێ، ئەمە هەموو شتە لەسەر بابەتەکە، من خاتری کەس ناگرم.
 
ئەنچێلۆتی هاوینی رابردوو سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردەی بەرازیلی وەرگرت. بەخەونی گەورەوە روو لە پاڵەوانێتییەکە دەکات، دەیەوێت لە دوای 2002ەوە یەکەم نازناوی مۆندیال بۆ سامبای خاوەن ژمارەی پێوانەیی نازناوەکانی مۆندیال کە پێنج نازناوی هەیە، بەدەست بهێنێت.
 
کارلۆ دەڵێ، "ئەگەر باسی نەیمار بکەین، دەبێ باسی یاریزانانی دیکەش بکەین. دەبێ بیر لە بەرازیل بکەینەوە بەبێ نەیمار و بەبێ هەندێک یاریزانی دیکەش. لە دوای کۆتاییهاتنی یارییە نێودەوڵەتییەکان لە مانگی سێی داهاتوو، لیستی کۆتایی یاریزانە بانگهێشتکراوەکان یەکلایی دەکەینەوە".
 
نەیماری 33 ساڵان، بەشێوەیەکی گشتی بەدەست پچڕانی بەستەری ئەژنۆیەوە دەناڵێنێت کە لە مانگی دەی ساڵی 2023 لەکاتی یارییەکی هەڵبژاردەکە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال بەرامبەر ئۆرۆگوای دووچاری بوو.
 
نەیمار ئەگەرچی قۆناخی سازانەوە و چاکبوونەوەی تێپەڕاندووە، بەڵام هێشتا بەدەست پێکانی جیاوازەوە دەناڵێنێت و ئەوەش وایکردووە، توانای خۆی لەسەدا سەد بەدەست نەهێنێتەوە.
 
نەیمار داسێلڤا، لە دوای پچڕانی بەستەری ئەژنۆیەوە یاریی بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل نەکردووە، بەڵام لەگەڵ یانەی سانتۆس بەشداریی یارییەکانی خولی بەرازیل دەکات، لەپێناو رزگارکردنی یانەکە لە دابەزین.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی کۆمەڵەکەی بەرازیل، ئەنچێلۆتی دەڵێ، بەرازیل دەتوانێت پێشەنگی کۆمەڵەکەی بێت.
 
هەروەها دەڵێ، "دەتوانین هەرسێ یارییەکەمان ببەینەوە، ئامانجمان روونە. ئێمە دەبێ بەدرێژایی پاڵەوانێتییەکە رکابەریی بکەین، ئامانجمان گەیشتنە بەیاریی کۆتای و بۆ ئەوەش، بێگومان دەبێ رووبەڕووی تیپی بەهێز ببینەوە".
 
ئەوە چەندینجارە ئەنچێلۆتی دووپاتیدەکاتەوە کە لەبەر خاترگرتن و رابردوو، هیچ یاریزانێک ناباتە مۆندیال و دەبێ هەموو ئەو یاریزانانەی نوێنەرایەتیی بەرازیل دەکەن لە پاڵەوانێتییەکە، لە باشترین ئاستی خۆیاندابن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە