رووداو دیجیتاڵ
سێمیر زود، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل دووپاتیکردەوە، بابەتی نوێکردنەوەی گرێبەستی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری هەڵبژاردەکە لە دوایین قۆناخەکاندایە و هەموو شت بەدڵی هاندەرانی سامبا دەبێت.
سەرۆکەکە دەڵێ، هەموو شت تەواوبووە، تەنیا هەندێک وردەکاریی یاسایی نەبێت کە ئەوانیش بەمنزیکانە یەکلایی دەبنەوە.
زود دەڵێ، "وادەی کۆتایی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ئەنچێلۆتی بەر لە 18ی ئەم مانگە دەبێت، ئەو رۆژەی کە ئەنچێلۆتی لیستی هەڵبژاردەی بەرازیلی بۆ مۆندیالی داهاتوو، تێدا ئاشکرا دەکات".
سەرۆکی فیدراسیۆنەکە دەڵێ، "هەریەکە لە کارلۆ و فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل ویستی نوێکردنەوەی گرێبەستی نێوانیان هەیە. متمانەی تەواومان بە راهێنەرەکەمان هەیە و نزیکین لەوەی گرێبەستی نوێی تاوەکو 2030 لەگەڵدا بکەین".
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، ئەنچێلۆتی لە گرێبەستە نوێیەکەیدا مووچەی 10 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە وەردەگرێت، لەگەڵ پاداشت لە ئەگەری بەدەستهێنانی نازناوەکان.
بەپێی ئەوەی پێشتر میدیای بەرازیل ئاشکرایانکردووە، ئەنچێلۆتی لە گرێبەستەکەی ئێستایدا بڕی پێنج ملیۆن یۆرۆ پاداشت وەردەگرێت، ئەگەر لەگەڵ هەڵبژاردەکەی نازناوی مۆندیالی ئەمساڵ بباتەوە.
هەڵبژاردەی بەرازیل هاوینی ئەمساڵ، بەسەرپەرشتی کارلۆ ئەنچێلۆتی بەشداریی لە مۆندیالی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا دەکات و لە کۆمەڵەی سێیەم دەبێت، لەپاڵ هەڵبژاردەکانی مەغریب، سکۆتلاند و هایتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ