رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی دوای 14 ساڵ جارێکی دیکە چووەوە هیندستان و هەزاران هاندەر پێشوازییان لە ئەستێرە ئەرجەنتییەکە کرد.
مێسی بە سەردانێکی تایبەت لەگەڵ لویس سوارێز و رۆدریگۆ دی پاوڵ چوونە شاری کالکوتای هیندستان و هەزاران هاندەری ئەو وڵاتە پێشوازییان لە ئەستێرە ئەرجەنتییەکە کرد و شوێنە گشتییەکان و شەقامەکان پڕکراون لە خەڵک و وێنەی لیۆنێل مێسی.
لەگەڵ دابەزینی مێسی لە فڕۆکە، حەشامەتی خەڵک بەڕووی یاریزانەکەوە چوون و هەریەکە و مۆبایلێکی بەدەستەوەیە و دەیەوێت لە نزیک مێسییەوە ڤیدیۆ و سێڵفی لەگەڵ ئەو یاریزانە بگرێت.
لە هیندستان پەیکەرێکی تایبەت کە 21 مەتر بەرزە بۆ مێسی بە جامی مۆندیالەوە دروستکراوە، سەتان هاندەر چوون وێنە و ڤیدیۆی پەیکەرەکەیان گرت و ئەوانەی پەیکەرەکەیان دروستکردووە بەهۆی گوشاری زۆری هاندەرانەوە ناچاربوون بەر لە گەیشتنی مێسی پەیکەرەکە پێشانی هاندەران بدەن.


ساتادرۆ دۆتا، رێکخەری سەردانەکەی مێسییە بۆ هیندستان و دەڵێت "کەشوهەوایەکی زۆر سەرنجڕاکێش و جەماوەری هەیە لەکاتێکدا 14 ساڵ بەسەر دوایین سەردانی مێسی بۆ هیندستان تێپەڕیووە، رەنگە جارێکی دیکە هەلی بینینی مێسی نەیەتە پێشەوە و پێمان وانییە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە، پەیوەندیی نێوان تۆپی پێ و هیندستان جارێکی دیکە گەشە دەکات و هەرگیز هێندە سپۆنسەر بۆ تۆپی پێی هیندستان نەبووە."
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، وێنەگرتنێکی فەرمی لە کاتی چوونی بۆ هیندستان لەگەڵ مێسی 12 هەزار دۆلاری تێدەچێت.
مێسی لە سەردانەکەیدا جگە لە کالکۆتا دەچێتە مومبای و نیودێلهی و لە کۆتایی گەشتەکەیدا چاوی بە نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستانیش دەبینێت.
سەردانەکەی مێسی بۆ هیندستان ناڕەزایەتیی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، لیۆ لە کاتی چوونی بۆ یاریگە 110 هەزار هاندەر پێشوازییان لە یاریزانەکە کرد، بەڵام کەسیان لە نزیکەوە مێسییان نەبینی و ئەمەش ناڕەزایەتییەکی گەورەی لێکەوتەوە و هاندەران سەتان کورسیی یاریگەیان شکاند.

هاندەرێکی هیندی دەڵێت "بەر لە هاتنی مێسی، بەرپرسان پەیوەندییان پێوە دەکردین بۆ ئەوەی بلیتی بینینی ئەو ئەستێرەیە بکڕین، کە هات بەرپرسان دەورەیان دا و کەسمان نەمانتوانی یاریزانەکە ببینین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ