یەکەم داواکاریی مۆرینیۆ لە ریال مەدرید

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جۆزێ مۆرینیۆ ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جۆزێ مۆرینیۆ، ناوی ئەستێرەیەکی داوەتە ئەنجوومەنی کارگێڕیی ریال مەدرید بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینەدا گرێبەستی لەگەڵ بکرێت و لە وەرزی داهاتوودا یاری بۆ یانەکە بکات.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید لەسەر داوای جۆزێ مۆرینیۆ، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ گواستنەوەی رۆدری، ئەستێرەی ناوەڕاستی یانەی مانچێستەر سیتی.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "مۆرینیۆ خۆی ئەو یاریزانەی دەستنیشانکردووە و دەیەوێت لە وەرزی داهاتوودا لە ریال مەدرید یاریی بکات و ئەو یاریزانە وەکو ئامانجێکی سەرەکی یانەکە دیارییکراوە".
 
مۆرینیۆ پێی وایە رۆدری پێشەنگی پلانەکانی دەبێت بۆ دووبارە بونیادنانەوەی هێڵی ناوەڕاستی یانەکە و فلۆرێنتینۆ پێرێز ئامادەیە بۆ ئەوەی هەموو شتێک بکات لەپێناو جێبەجێکردنی ئەو داواکارییەی جۆزێ.
 
رۆدری تەمەنی 29 ساڵە، گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت و نرخی یاریزانەکە ئێستا لە بازاڕدا 65 ملیۆن یۆرۆیە.
 
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە هەموو راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، مۆرینیۆ لەگەڵ ریال مەدرید گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی و دەبێتە راهێنەری داهاتووی ریال مەدرید.
 
رۆدری زیاتر لە جارێک ویستی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ مەدرید پێشانداوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ ویستی یارییکردن بۆ ریال مەدرید بکات.
 
ریال مەدرید بۆ وەرزی نوێ دەیەوێت گۆڕانکاری لە تیپەکەیدا بکات، بۆ ئەوەش دەیەوێت لە هێڵی بەرگری و ناوەڕاستدا گۆڕانکاری بکات، میدیای ئیسپانیا دەڵێت "مۆرینیۆ، چاوی لەوەیە لە بەرگری، ناوەڕاست و هێرشبەریدا گۆڕانکاری لە تیپەکەدا بکات".
 
ریال مەدرید لە وەرزی 2025/2026 هیچ نازناوێکی نەبردەوە و وەرزێکی سفریی بەڕێکرد، ئەمەش کاردانەوە و ناڕەزایەتیی زۆری لەلایەن هاندەرانی یانەکەوە لێکەوتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە