چەند هەفتەیەک بەر لە مۆندیال.. لە هێرشێکدا لە مەکسیک 10 کەس کوژران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن مۆندیالی 2026 مەکسیکۆ سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چەند هەفتەیەکی کەم بەر لە دەستپێکردنی رکابەرییەکانی مۆندیالی 2026، لە هێرشێکی چەکداریدا لە مەکسیک، 10 کەس کوژران کە مێرمنداڵێکیان لەنێودایە.
 
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، هێرشەکە لە ویلایەتی بۆبێلا روویداوە و بەهۆیەوە شەش پیاو، سێ ژن و مێرمنداڵێک کوژراون.
 
وەزارەتی ئاسایشی گشتیی مەکسیک دەڵێ، کوژراوەکان لەسەر دەستی کەسانی چەکدار کوژراون، بەبێئەوەی هۆکاری کوشتنەکەیان ئاشکرا بکات.
 
رووداوەکە لە کاتێکدایە کە چەند هەفتەیەکی کەم ماوە بۆ دەستپێکردنی رکابەرییەکانی مۆندیال کە مەکسیک بەهاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا و کەنەدا میوانداریی دەکات.
 
بڕیارە یاریی کردنەوەی مۆندیالی 2026 لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی مەکسیک و ئەفریقای باشوور رۆژی 11ی مانگی داهاتوو، لەسەر یاریگای ئەزتێکا لە مەکسیکۆ سیتی، ئەنجام بدرێت.
 
وەزارەتی ئاسایشی گشتیی مەکسیک رایگەیاندووە رووداوەکە لە شارۆچکەی تیۆیتسینگۆ روویداوە و لێکۆڵینەوەی هاوبەشی هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی خۆجێی ویلایەتەکە دەستیپێکردووە.
 
وەزارەتەکە دەڵێ، "تاوانکاران لەدەست یاسا رزگاریان نابێت. دەسەڵاتدارانیش لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تاوانەکە دەکەن".
 
نووسینگەی داواکاری گشتیی ویلایەتەکە ئاشکرایکردووە، پاڵنەری تاوانەکە ململانێی خێزانی بووە، لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوە دەڵێن، لە نێو کوژراوەکاندا گەنجێکی 14 ساڵان و منداڵێکی 10 ساڵان هەبووە، جیا لە منداڵێکی شیرەخۆر.
 
میدیای نێوخۆیی مەکسیک گوتوویانە، سەرجەم قوربانییەکان لە نێو ماڵێکدا بەدەست و پەل بەستراوی دۆزراونەتەوە و فیشەک بەسەر و جەستەیانەوە بووە. واباوە هەموو کوژراوەکان ئەندامی یەک خێزان بن.
 
شارۆچکەی تیۆیتسینگۆ ماوەی 200 کیلۆمەتر لە باشووری یاریگای ئازتێکای مەکسیکۆ سیتی پایتەختەوە دوورە.
 
رووداوەکە، جارێکی دیکە بابەتی ئاسایشی مەکسیک دەوروژێنێتەوە پاشئەوەی لەماوەی رابردوودا کوشتنی یەکێک لە سەرۆک مافیاکانی بازرگانیی هۆشبەر لە وڵاتەکەدا، شەڕ و ئاژاوەی گەورەی لە وڵاتەکەدا لێکەوتەوە و دەیان کەس لەسەردەستی چەکدارانی رێکخراوە تاوانکارییەکان کوژران.
 
تاوەکو ئێستا، چەندین ویلایەتی جیاوازی مەکسیک بەناوچەی پڕ لە تووندوتیژی پەیوەست بەمافیاکانی هۆشبەر دادەنرێن، بەڵام مەکسیکۆی پایتەخت، لە نێو ئەو ناوچانەدا نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە