فێرمین لۆپێز بەشداری لە مۆندیالی 2026 ناکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن مۆندیالی 2026 فێرمین لۆپێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئیسپانیا گورزێکی کوشندەی بەرکەوت، دوای ئەوەی بە فەرمی دوورکەوتنەوەی فیرمین لۆپێزی ناوەڕاستکاری، بەهۆی پێکانێکی سەخت لە پێی راستیدا راگەیاند.
 
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ئەو ئەستێرە لاوەی ئەکادیمیای لاماسیا پشکنینی پزیشکیی وردی بۆ ئەنجامدرا و ئەنجامەکان دەریانخست، ئێسکی پێنجەمی پێی راستی ئەو یاریزانە شکاوە و پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی بەپەلە هەیە. 
 
یانەی بارسێلۆنا رایگەیاندووە، بڕیارە سبەی سێشەممە نەشتەرگەری بۆ شکانەکەی فیرمین بکرێت و بەلایەنی کەمەوە 2 مانگ لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە خەونی یاریکردنی ئەو یاریزانە، لە مۆندیالی 2026 کۆتایی هات.
 
فێرمین لە کاتی یارییەکەی دوێنێی بارسێلۆنا بەرامبەر ریال بێتیس، تووشی ئەو پێکانە بوو و لە نێوان هەردوو گێمەکەدا کاتێک گەیشتە ژووری جلگۆڕین ئازارێکی زۆری هەبوو، بۆیە دوای راوێژی ستافی پزیشکی و هونەری، بڕیاردرا لە گێمی دووەمدا بەشداری نەکات.
 
تەنانەت لە کاتی رێورەسمی رێزلێنان بۆ رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، فێرمین بەهۆی تووندیی ئازارەکەیەوە لە  نێو یاریگادا نەبینرا. 
 
فێرمین لە وەرزی ئەمساڵدا بەشداریی لە 48 یارییدا لەگەڵ بارسێلۆنا کرد و 13 گۆڵ و 17 ئەسیستی هەبوو.
 
لەدەستدانی فێرمین لۆپێز تەنیا لەدەستدانی یاریزانێکی ئاسایی هەڵبژاردەی ئیسپانیا نییە، بەڵکو لەدەستدانی بزوێنەر و رۆحییەتی گەنجانەی ناوەڕاستی هەڵبژاردەکەیە.
 
لویس دی لافۆینتێی راهێنەری لارۆخا، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە بۆ دۆزینەوەی شوێنگرەوەیەکی گونجاو کە هەمان وزە و لێهاتوویی فێرمینی هەبێت، چونکە نەمانی ئەو لە ناوەڕاستی یاریگادا کێشەیەکی گەورە بۆ پلانەکانی دروست دەکات. 
 
ئیسپانیا لە مۆندیالی 2026 لە کۆمەڵەی هەشتەمدا ئەرکێکی قورسی لەپێشە، لارۆخا دەبێت لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا شەڕی سەرکەوتن بەرامبەر هەڵبژاردەی ئۆروگوای بکات کە بە یەکێک لە بەهێزترین تیپەکانی ئەمریکای لاتین دادەنرێت، هەروەها رووبەڕووی هەڵبژاردەی سعودیە دەبێتەوە کە خاوەن ئەزموونێکی باشە لە مۆندیالەکاندا، لەگەڵ هەڵبژاردەی کاپ ڤێردی کە تیپێکی چاوەڕواننەکراوە.
 
گەڕانەوەی گاڤی بۆ نێو یاریگاکان دەکرێت کەمێک لە بارگرانییەکانی سەر شانی راهێنەرەکە کەم بکاتەوە، بەڵام بێگومان شوێنپەنجەی فێرمین لە پێکهاتەکەدا بە ئاسانی پڕ ناکرێتەوە و راهێنەری ئیسپانیا دەبێت بە وردی بیر لە بژاردەکانی بەردەستی بکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە