رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، رۆژی هەینی، کۆچی دوایی ئێنریک رێینا مارتینێز، سەرۆکی پێشووتری یانەکەی لە تەمەنی 85 ساڵیدا راگەیاند.
رێینا مارتینێز لەساڵی 2003 بۆ ماوەیەکی کورت سەرۆکایەتی یانەی بارسێلۆنای گرتە دەست، هەروەها چەندین پۆستی کارگێڕیی جیاوازی لەناو یانەکەدا هەبووە.
رێینا لە 15ـی ئایاری 1940 لە شاری بارسێلۆنا لەدایکبووە، پێش ئەوەی پەیوەندی بە یانەکەوە بکات، وەبەرهێنەرێکی بواری خانووبەرە بووە. لە 15ـی ئەیلوولی 1965 وەک ئەندام چووەتە ناو یانەی بارسێلۆنا و دواتر بووەتە یەکێک لە ناوە دیارەکانی ناو کارگێڕیی یانەکە.
ناوبراو چووە ناو دەستەی کارگێڕیی یانەکە کاتێک خوان گاسپارت لە 24ـی تەممووزی 2000 بوو بە سەرۆکی بارسێلۆنا. لە کانوونی یەکەمی 2002 پۆستی جێگری سەرۆکی وەرگرت، و لەو پۆستەدا مایەوە تاوەکو شوباتی 2003، کاتێک گاسپارت دەستی لە سەرۆکایەتی یانەکە کێشایەوە.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یانەکە، رێینا بەشێوەیەکی کاتی پۆستی سەرۆکی وەرگرت و تا بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی گشتی نائاسایی لە ٥ـی ئایاری 2003 لە پۆستەکەیدا مایەوە. رۆژی دواتر و دوای دەستلەکارکێشانەوەی تەواوی دەستەی کارگێڕی، لیژنەیەکی کارگێڕیی کاتی بە سەرۆکایەتی خوان ترایتەر بەڕێوەبردنی یانەکەی گرتە دەست بەئامانجی سەرپەرشتیکردنی رێکخستنی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکان.
ئەو سێ مانگەی کە رێینا لە لووتکەی کارگێڕیی بارسێلۆنادا بوو، رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەوە بەهۆی ئەوەی قەیرانێکی دارایی خنكێنەر و پاشەکشەی ئەنجامەکانی تیپی تۆپی پێ. سەرەڕای ئەوەش، بەشەکانی دیکەی یانەکە لەو ماوەیەدا سەرکەوتنی گرنگیان بەدەستهێنا، چونکە سێ نازناویان بردەوە کە پێکهاتبوون لە جامی ئیسپانیا لە تۆپی سەبەتە و هۆکی سەر سکەیت، لەگەڵ جامی یەکێتیی ئەورووپا لە تۆپی دەست.
سەرەڕای بارودۆخە سەختەکان، پێگەی جەماوەری یانەکە بە بەهێزی مایەوە، بەجۆرێک ژمارەی ئەندامە تۆمارکراوەکان لە ئایاری 2003ـدا گەیشتە نزیکەی 105.983 ئەندام. هەروەها لە سەردەمی سەرۆکایەتی رێینادا، بەدیاریکراوی لە ئاداری 2003، رێککەوتننامەیەکی هاوکاری لەگەڵ ئەنجوومەنی وەرزشیی کەتەلۆنیا واژۆکرا بۆ هاندانی وەرزش و بڵاوکردنەوەی لەنێوان منداڵان و گەنجانی تەمەن خوێندنگە لە ناوچە جیاجیاکانی کەتەلۆنیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ