ئەمڕۆ هەواڵە خۆشەکە لە بارسێلۆنا رادەگەیێنرێت

14-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خوان گارسیا تێرشتیگن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی بارسێلۆنا کۆتاییهێنان بە قەیرانی خوان گارسیای گۆڵپارێزی نوێی رادەگەیێنێت و ئەمڕۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو یاریزانەی تەواو دەکات.
 
بارسێلۆنا لە کۆتاییدا رەزامەندیی دەستەی لالیگای وەرگرت، بۆ تۆمارکردنی گۆڵپارێزە نوێیەکەی، خوان گارسیا، کە لەم هاوینەدا لە یانەی ئیسپانیۆلەوە پەیوەندی بە ریزەکانی یانە کەتەلۆنییەکەوە کردووە.
 
بارسا لە سەرەتادا نەیتوانی یاریزانەکە تۆماربکات، بەهۆی یاساکانی یاریی دارایی خاوێن و پابەندبوون بە یاسای یەک بەرامبەر یەک، بەڵام گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە، مارک تێرشتیگن، تووشی پێکانێکی قورس بوو لە پشتی و نەشتەرگەرییەکی بۆ کرا، کە وایکرد بۆ ماوەی 4 مانگ دووربکەوێتەوە. ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینی بە یانە کەتەلۆنییەکە بەخشی، چونکە ئێستا دەیانتوانی گارسیا تۆماربکەن، بەو مەرجەی بەشێک لە مووچەکەی تێرشتیگن کەمبکەنەوە.
 
یانەی بلاوگرانا لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند "یانەی بارسێلۆنا رایدەگەیێنێت کە لیژنەی پزیشکیی لالیگا بڕیاریداوە کە پێکانەکەی یاریزان مارک ئاندرێ تێرشتیگن، مەرجەکانی پێکانێکی درێژخایەنی تێدایە، وەک لە پەیڕەوەکانی ئێستادا هاتووە".
 
هەروەها لە بڵاوکراوەکەی بارسێلۆنادا هاتووە "یانەکە دەستبەجێ و بەفەرمی دەست دەکات بە تۆمارکردنی یاریزان خوان گارسیا".
 
بارسا سوودی لە پێکانەکەی تێرشتیگن وەرگرت بۆ ئەوەی بتوانێت خوان گارسیا تۆماربکات، کە لەسەرەتادا گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە ئامادە نەبوو یارمەتی یانەکەی بدات و رازی نەبوو راپۆرتی پزیشکی واژۆبکات و لە ئەنجامدا یانە کەتەلۆنییەکە نیشانەی کاپتنیی یانەکەی لێوەرگرت و دواتر ئاشتبوونەوە و هەموو شتێک گەڕایەوە سەر دۆخی ئاسایی خۆی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە