رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی بەشێوەیەکی سەیر لێدانی سزای لەدەستدا و تیپەکەی بە ئەنجامێکی گەورە بەرامبەر یانەی چارلۆت دۆڕا.
لە رکابەرییەکانی خولی ئەمریکادا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی باشووری کوردستان، یانەی ئینتەرمەیامی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی یانەی چارلۆت.
لە خولەکی 31 لیۆنێل مێسی لێدانێکی سزای لەدەستدا، کاتێک بەشێوەی پانێنکا جێبەجێیکرد و گۆڵپارێز زۆر بە ئاسانی تۆپەکەی گەڕاندەوە.
دوای دوو خولەک ئیدان تۆکلۆماتی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ چارلۆت تۆمارکرد و خاوەن یاریگەی پێشخست، نیوەی یەکەم بەو گۆڵە کۆتاییهات.
دوو خولەک دوای دەستپێکردنی نیوەی دووەمی یارییەکە، ئیدان تۆکلۆماتی گۆڵی دووەمی خۆی یانەکەی تۆمارکرد.
لە خولەکی 79 تۆماس ئاڤیلێس لە یانەی ئینتەرمەیامی بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
لە خولەکی 83 لێدانێکی سزا بۆ چارلۆت هەژمارکرا، ئیدان تۆکلۆماتی سەرکەوتووانە لێدانەکەی جێبەجێکرد و هاتریکی لە یارییەکەدا تۆمارکرد.
چارلۆت یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە، ئینتەرمەیامی شەشەم یاریی لەم وەرزەدا دۆڕاند و یانەکە لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولی ئەمریکایە، چارلۆت بەم بردنەوەیە بووە خاوەنی 53 خاڵ و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ