دایک و باوکی بێلینگهام لەیەک جیابوونەوە و جود زۆر بێتاقەتە

14-10-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن جود بێلینگهام جۆب بێلینگهام
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، جود بێلینگهامی ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید، لە دۆخێکی یەکجار قورسی دەروونیدا دەژی، پاشئەوەی دایک و باوکی بڕیاری جیابوونەوەیاندا.
 
رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بەریتانی دەڵێ، باوکی بێلیگهام خیانەتی کردووە و پەیوەندی لەگەڵ ئافرەتێکی دیکەدا هەبووە.
 
بەپێی رۆژنامەکە، مارک بێلینگهامی باوک، کە ئۆفیسەری پۆلیسە، لەگەڵ دینیسی هاوژینی، کە رۆڵی گەورەیان هەبووە لە پێگەیشتنی جود و جۆبی برای، بڕیاریانداوە لەیەکدی جیاببنەوە و هاوسەرگیریی نێوانیان کە ماوەی زیاتر لە دوو دەیە بەردەوامبوو، هەڵبوەشێننەوە.
 
مارک و دینیس ئیدی پێکەوە لە یەک ماڵدا ناژین.
 
پێشتر، زۆرجار جود باسی کاریگەریی و قوربانیدانی دایک و باوکی کردووە لە پێگەیشتنی خۆی و براکەی. بەتایبەت کە ئەو دوو هاوژینە پاش چوونی کوڕەکانیان بۆ یانەکانی ریال مەدرید و بۆرووسیا دۆرتمۆند، بڕیاریاندا دەستبەرداری کارەکانی خۆیان بن و لە کوڕەکانیانەوە نزیک بن.
 
دەنگۆکانی جیابوونەوەی دایک و باوکی بێلینگهام، هەفتەی رابردوو سەریانهەڵدا، پاشئەوەی وێنەیان گیرا لەسەر پەیژەکانی یاریگە لە کاتی ئامادەبوونیان لە یاریی جوبی کوڕیان.
 
میدیای ئەڵمانیا ئەوکات بەسەرنجەوە باسی ئەوەیان کردبوو کە دۆخی نێوان مارک و دینیس 'تووند و بارگاوییە'، چونکە بەدرێژایی یارییەکە هیچ قسەیان بەیەکەوە نەکردووە و سەرنجی تووندیان ئاراستەی یەکدی کردووە.
 
رۆژنامەی 'دەیلی مەیل' لەسەرچاوەی نزیک لە هەردوو هاوژینەکەی گواستووەتەوە کە، دەرکەوتووە مارک پەیوەندی لەگەڵ خانمێکی پۆلیسدا داناوە، کە تەڵاقدراوە و خاوەنی دوو منداڵە.
 
ئافرەتەکە خەڵکی ناوچەی میدلاندزە و ناوی پۆنشۆنە. پەیوەندییەکە وەک رۆژنامەکە دەڵێ ئەوکاتە ئاشکرابووە کە پۆنشۆن وێنەیەکی خۆی و مارکی کە لە یەکێک لە دارستانەکاندا گرتووە و دەستی لەملیدایە، لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردووەتەوە.
 
پۆنشۆن لە پۆستێکدا نووسیەتی، بەمنزیکانە دەچینە سانتۆرینی، ئەوەش پێدەچێت ئاماژەبێت بۆ رێکەوتنی ئەو و باوکی جود لەسەر گەشتکردن بۆ دوورگەکانی یۆنان بۆ بەسەربردنی کات پێکەوە.
 
مارک و دینێس، لەپێنج ساڵی رابردوودا دوور لەیەکدی ژیاون، ئەوەش بەهۆی بایەخدانیان بەکاروانی هەردوو کوڕەکەیان، بەڵام لە بۆرووسیا دۆرتمۆند ترسی زۆر لەسەرئەوە هەیە کە جود بکەوێتە ژێر کاریگەیی ئەو دۆخە نوێیەی خێزانەکە، بەتایبەت کە ئەو زۆر لە دایکییەوە نزیکە، لە کاتێکدا دایکی لە مەدرید دەژی لەگەڵ جود.
 
جیابوونەوەی دایک و باوکی جود و جوب، لە قۆناخێکی هەستیاری هەردوو یاریزانەکەدا روودەدات. هەندێک سەرچاوەی نزیک لە یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆند ئاشکرایانکردووە، جوب کاری زۆری کردووە بۆ ئەوەی لەماوەی رابردوودا هەندێک پەیوەندی و هاوڕێیەتی لەنێو یانەکەدا دروست بکات، بەڵام بۆخۆی گۆشەگیرە و کەم دەچێتە دەرەوە و زۆرینەی کات لە ماڵەوە دەمێنێتەوە، ئەوە وا دەکات رووداوە نوێیەکان بەقووڵیی کاریگەریی لەسەر دروست بکەن.
 
جود، دۆخی لە جۆبی برای باشتر نییە، ئەویش لە ئاستێکی ناسەقامگیر و دۆخێکی ئاڵۆزدایە، شوێنی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکیی ریال مەدرید لەدەستداوە، پاشئەوەی نەشتەرگەریی لە شانیدا کرد. تەنیا لە یەک یاریی تیپەکەدا سەرەکی بووە و ئەو یارییەش ریال مەدرید بە 2 - 5 گۆڵ بە ئاتلێتیکۆ مەدرید دۆڕا.
 
مارک وەک بەڕێوەبەری کاری کوڕەکانی یارییدەکات و سەرجەم کاری کوڕەکانی لەبابەتی سپۆنسەرەکان بەڕێوەدەبات و لە 2022ەوە وازی لەکارەکەی خۆی هێناوە لەبەر چاودێریکردنی دۆخی کاری کوڕەکانی.
 
دینێس و مارک، وەک دوو بەڕێوەبەری هاوبەشی زنجیرە کۆمپانیاکانی هەردوو کوڕەکەیان کاردەکەن و دینیس، بەرپرسی دارایی هەردوو کوڕەکەیەتی.
 
پێشبینیکراوە دینیس و مارک لە دوای ئەو دۆخە نوێیەی لە پەیوەندیی نێوانیان هاتە ئاراوە، پێداچوونەوە بەپەیوەندی کارکردنیان پێکەوە لە زنجیرە کۆمپانیاکانی تایبەت بەخێزانەکە بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە