ڤیدیۆ؛ ئەوەی ئەلباسێتی بەرامبەر ریال مەدرید کردی 100 ساڵە رووینەداوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئەلباسێتی
ئەلباسێتی
نیشانەکردن ئەلباسێتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، یانەی ریال مەدرید بەرامبەر یانەیەکی پلە دووی ئیسپانیا دۆڕا و لە رکابەرییەکانی جامی شای ئیسپانیا کرایە دەرەوە.
 
لە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکەدا و لە یەکەم یارییدا لەژێر سەرپەرشتی ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری نوێی یانەکە، یانەی ریال مەدرید رووبەڕووی یانەی ئەلباسێتی بووەوە و یارییەکەی دۆڕاند و کرایە دەرەوە.
 
هەزاران هاندەری ئەلباسێتی چوونە یاریگە و هەموو شانازییەکەیان بەر لە یارییەکە ئەوەبوو ریال مەدرید چووەتە یاریگەکەیان، بەڵام ئەوەی بەخەیاڵیاندا نەدەهات روویدا.
 
لە خولەکی 42 خاڤی ڤییار گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد و ئەلباسێتی پێشکەوت.
 
بەر لە تەواوبوونی نیوەی یەکەم فرانکۆ ماستانتونۆ ئەنجامەکەی بۆ ریال مەدرید یەکسانکردەوە و نیوەی یەکەم بەیەکسانبوون تەواو بوو.
 
لە نیوەی دووەمدا، هەمووان چاوەڕێبوون کاردانەوەی پلانەکانی ئەربێلوا ببینن، بەڵام ئەلباسێتی چەند هێرشێکی بردە سەر گۆڵی یانەی شاهانە و لە خولەکی 82 یەفتێ بێنتانکۆر گۆڵی دووەمی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد.
 
لە خولەکی یەکەمی کاتی زیادکراودا، گۆنزالۆ گارسیا جارێکی دیکە ئەنجامەکەی بۆ ریال مەدرید یەکسانکردەوە.
 
لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا، بێنتانکۆر، گۆڵێکی مێژوویی و لەبیرنەکراوی بۆ ئەلباسێتی تۆمارکرد، یانەی ئەلباسێتی یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە و ریال مەدریدی لە جامی شای ئیسپانیا دوورخستەوە.
 
ریال مەدرید لە یەکەم یارییدا لەژێر سەرپەرشتی ئەلڤارۆ ئەربێلوا دۆڕا و ماڵئاوایی لە جامی شا کرد.
 
دوای 100 ساڵ لە بەشداریکردنی ریال مەدرید، یەکەمجارە یانەکە لەگەڵ راهێنەرێک لە یەکەم یاریی دەستبەکاربوونیدا لە جامی شادا بدۆڕێت و راستەوخۆ بکرێتە دەرەوە.
 
دوای تێپەڕبوونی 35 ساڵ بەسەر یەکەم رووبەڕووبوونەوەیاندا و لە دوای ئەنجامدانی 15 یاری، یەکەمجارە یانەی ئەلباسێتی لە ریال مەدرید دەباتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە