رووداو هەولێر
شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی کوردی یانەی زاخۆ ئاشکرایکرد، دەیانەوێت ململانێیەکی بەهێز لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بکەن و دەڵێت "قسەم لەگەڵ کراوە بۆ گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردەی عێراق و من ئامادەم".
لە گواستنەوەی هاوینەی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی زاخۆ توانی خەونی لەمێژینەی هاندەرانی بکاتە راستی و شێرکۆ کەریمی لە هەولێرەوە گواستەوە ریزەکانی، بەمەبەستی بەهێزکردنی ریزەکانی بۆ خولی عێراق و جامی یانەکانی کەنداو کە کوڕانی خابوور وەک نوێنەری عێراق بەشدارن.
شێرکۆ کەریم، دڵخۆشیی خۆی بە چوونە ریزەکانی یانەی زاخۆ دووپاتکردەوە و لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "بەدڵنیاییەوە لە یەکەم رۆژی راهێنانم لەگەڵ یانەی زاخۆ هەموو شتێک بەباشی دەڕوات و دڵخۆشم لەوێ، ئەو هاندەرە خۆشەویستانەی یانەکە چاوییان لەوەیە من و ئەو یاریزانانەی گرێبەستیان لەگەڵ تیپەکە کردووە وەرزی نوێ شتێکی باش پێشکێش بکەین، هەستدەکەم ئەوان بەبوونی ئێمە دڵخۆشن و ئێمەش دڵخۆشین".
وەرزی رابردوو یانەی زاخۆ بەکۆکردنەوەی 71 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراق هات، لە جامی عێراقیش پلەی دووەمی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە بە یانەی دهۆک دۆڕا.
ئەو ئەستێرە کوردە، کە یەکێکە لە باڵکێشترینەکانی نێو هاندەرانی تۆپی پێی کوردستان و لە زاخۆش پێشوازییەکی گەورەی لێکرا، گەشبینە بۆ وەرزی نوێ و روونیکردەوە "بۆ وەرزی نوێ هەموو یانەکان بەشێوەیەکی زۆر باش خۆیان ئامادەکردووە و جیاوازە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، چونکە ساڵانی پێشوو دوو یانە خۆیان باش ئامادە دەکرد، کەچی ئەمساڵ شەش یانە دەیانەوێت رکابەری لەسەر نازناوەکە بکەن، ئێمە چاومان لە پلەی پێشەوە و نازناوەکەیە، خەڵکی زاخۆش شایستەی دڵخۆشی و ئاهەنگگێڕانن، بەڵام ئەمە پشوویەکی درێژی پێویستە".
دوای چوونی شێرکۆ کەریم بۆ ریزەکانی کوڕانی خابوور لە گرتە ڤیدیۆکان و سۆشیال میدیادا بوونی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئەمجەد عەتوانی کاپتنی زاخۆ و ئوسامە رەشیدی مایسترۆی نوێی تیپەکە دەردەکەوێت، ئەمەش ئومێدێکی گەورەی بەخشیووەتە هەوادارانی یانەکە کە سێ ئەستێرە بەو شێوەیە دەردەکەون.
شێرکۆ کەریم، لەبارەی هاوڕێکانی و پەیوەندییەکانیان دەڵێت "پەیوەندی من و ئەمجەد عەتوان نوێ نییە، لەساڵی 2012ـەوە دەیناسم، لە هەڵبژاردەکانی تازەپێگەیشتووان، لاوان و ئۆڵۆمپی لەگەڵ پێشکەوتووان یاریمان بەیەکەوە کردووە. لە یانەی شورتە بەهەمانشێوە پێکەوە یاریمان کردووە، ئێستاش بەخۆشحاڵییەوە لە یانەی زاخۆ پێکەوە یاری دەکەین و هاوڕێی نزیکی منە. ئوسامە رەشید ئەویش برا و کەسێکی نزیکی منە و لە یانەی هەولێر پێشتر پێکەوە بووین، ئامانجی من و هاوڕێکانم پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرزە".
لە چەند ساڵی رابردوودا بانگهێشتنەکردنی شێرکۆ کەریم، بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراق بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی زۆری شەقامی وەرزشی و بەو هۆیەوە گلەییەکی زۆر لە خیسۆس کاساسی راهێنەری ئەوکاتی تیپەکە دەگیرا، بەڵام ئێستا چاوەڕواندەکرێت ئەو ئەستێرەیە ناوی لە پێکهاتەی نوێی هەڵبژاردەی عێراق بێت بۆ بەشداریکردن لە جامی شای تایلەند کە بڕیارە سەرەتای مانگی نۆ بەڕێوەبچێت.
شێرکۆ کەریم، کە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق جامی کەنداوی بردووەتەوە، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ رووداو سپۆرتس ئاشکراکرد و گوتی "جارێ شتەکان فەرمی نین، بەڵام قسەم لەگەڵ کراوە و من ئامادەم بۆ یاریکردن لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق، من چاوەڕوانی راگەیاندنی فەرمی ناوی لیستی یاریزانانەکانم".
ئەو زیاتری بە رووداو سپۆرتس گوت و رایگەیاند "بەڕاستی دەمێکە عێراق نەگەیشتووەتە مۆندیال، دەرفەتێک ماوە کە بگاتە مۆندیال و یارییەکان ئاسان نین، ئەگەر ناوم لە لیستی هەڵبژاردەی عێراق بێت، پشتیوان بەخوا هەموو هەوڵێک بۆ سەرکەوتن دەدەم، ئەگەر ناویشم لە لیستەکە نەبوو نزای سەرکەوتن بۆ هاوڕێکانم دەکەم".
شێرکۆ کەریم، خەڵکی شاری کەرکووکە و ئەستێرەیەکی دیاری خولی ئەستێرەکانی عێراقە، پێشتر لە یانەکانی شورتە و هەولێر یاریکردووە، وەک یاریزانی پیشەگەر لە یانەی کوێتی کوێتی و یانەی گراسهۆپر زیورخی سویسری یاریکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ