پەیامێک بۆ ئارنۆڵد: شێرکۆ کەریم کلیلی سەرکەوتنی عێراقە

16-11-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن شێرکۆ کەریم
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

راهێنەرێکی عێراقی پێیوایە یارییکردن بەشێوەیەکی لۆژیکی لە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیماراتدا، کلیلی گەیشتنی عێراقە بە پاشکۆی مۆندیال لە مەکسیک.
 
هەڵبژاردەی عێراق لە یاریی چوونی پاشکۆی ئاسیادا بەرامبەر ئیمارات بە 1-1 گۆڵ یەکسانبوون، کە لە یاریگەی محەممەد بن زاید لە ئەبوزەبی بە ئامادەبوونی زیاتر لە 32 هەزار هاندەر بەڕێوەچوو.
 
سەعد حافز، راهێنەری عێراقی، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، یاریی نێوان ئیمارات و عێراق لە ئەبوزەبی، متمانەی گەڕاندەوە بۆ هاندەرانی عێراق، پێموایە ئەم رووبەڕووبوونەوەیە خاڵی دەستپێکی راستەقینەی شێرەکانی رافیدەین دەبێت بەرەو خەونی مۆندیال، بەتایبەتی ئەگەر تیپەکە بەهەمان ئاستەوە لە یاریی گەڕانەوەدا دەربکەوێت کە یەکلاییکەرەوە و چارەنووسساز دەبێت و یارییەکە لە بەسرە بەڕێوەدەچێت.
 
ئەو زیاتر گوتی "راهێنەر گراهام ئارنۆڵد بە واقیعییانە مامەڵەی لەگەڵ یارییەکەدا کرد، گوشاری بەرزی هەڵبژاردەی عێراق مەترسییەکانی هەڵبژاردەی ئیماراتی کەمکردەوە. دیارترینی ئەم رووبەڕووبوونەوەیە لە رۆحی شەڕکەری یاریزاناندا خۆی بینییەوە، ئەمەش دەبووایە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر لە ئاستی عێراقدا دەرکەوێت، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکەوە ئاستی تیپەکە لە پاڵاوتنەکاندا دابەزی و بە شێوەی پێویست دەرنەکەوت".
 
سەعد حافز ئاشکرای کرد "یارییکردن بە دوو هێرشبەر لە یارییەکەدا بەرامبەر ئیمارات، یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی عێراق ئاستێکی باش پێشکێش بکات، بینیمان هاوئاهەنگییەکی زۆر لە نێوان موهەنەد عەلی و عەلی حەمادیدا. بەداخەوە عەلی حەمادی بەهۆی پێکانەوە یاری ناکات، هیوادارم راهێنەر چارەسەرێک بدۆزێتەوە و دووبارە بە دوو هێرشبەر یاری بکات، بەتایبەتی کە بەرگری هەڵبژاردەی ئیمارات دەکرێت لە قوڵاییەوە بشکێندرێت".
 
ئەو راهێنەرە عێراقییە باس لە گرنگی شێرکۆ کەریمی یاریزانی کورد بۆ ئەم یارییە دەکات و دەڵێت "زیاتر لە پرسیارێک لەسەر راهێنەر گراهام ئارنۆڵد هەیە، لەبارەی بەکارهێنانی شێرکۆ کەریم لە شوێنێکدا کە لەگەڵ شێوازی یارییکردن و تواناکانی هونەری ئەودا ناگونجێت. شێرکۆ هێرشبەرێکی تایبەتە و لێهاتووه‌ لە بەدەستهێنانی تۆپەکان، دەبێت بەشێوەیەکی دروست یاری پێبکرێت، هیوادارم راهێنەر لە یاریی گەڕانەوەدا ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و دەبێت هەڵبژاردەی عێراق زوو گۆڵ تۆمار بکات".
 
حافز قسەکانی بەم شێوەیە تەواو کرد "ئارنۆڵد داوای لێدەکرێت جارێکی دیکە لە یاریی گەڕانەوەدا بە واقیعییانە یاری بکات، و یاریزانەکان بەباشی بەکاربهێنێت، هەڵبژاردنەکان لە ئێستادا گرنگترینن و دەبێت هەڵبژاردەی عێراق سوود لە دوو فاکتەر، یاریگەی خۆی و جەماوەر وەربگرێت هەروەها هەتا بکرێت زوو گۆڵ تۆماربکات، بۆ ئەوەی دوای گۆڵەکە گوشار لەسەر هەڵبژاردەی ئیمارات بەردەوام بێت، بەو هیوایەی تیپەکە سەرکەوتن بۆ پاشکۆی مۆندیال بەدەستبهێنێت".
 
چارەنووسی یارییەکە لە بەسرە یەکلایی دەکرێتەوە لەم یارییە، ئەگەر کاتی ئاسایی بە یەکسانبوون کۆتایی بێت، پەنا بۆ کاتەکانی زیادکراو دەبرێت، و ئەگەر یەکسانبوون بەردەوامی هەبوو، پەنا بۆ لێدانەکانی یەکلاییکەرەوە دەبرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە