ئەلۆنسۆ بۆ ئەستێرەیەکی: تۆ بەم ئاستەوە هەرگیز یاری ناکەیتەوە

15-09-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن براهیم دیاز چابی ئەلۆنسۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بڕیارێکی لەناکاو لەلایەن چابی ئەلۆنسۆوە دراوە بۆ دوورخستنەوەی ئەستێرەیەک لە پێکهاتەی ریال مەدرید دوای ئاستە شۆکهێنەرەکەی بەرامبەر ریال سۆسیداد! گوایە پێیگوتووە "تۆ بەم ئاستەوە هەرگیز یاری ناکەیتەوە".
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی دیفێنسا سێنترال، دوای یاریی نێوان ریال مەدرید و ریال سۆسیداد، لەنێو ڤاڵدێبێباس گرژییەکی بێوێنە باڵی کێشاوە بەسەر ژووری جلگۆڕینی ریال مەدریددا، چونکە جگە لەو مشتومڕەی بەهۆی ناوبژیوانی یارییەکە روویدا، کە دین هاوسنی بە کارتی سوور دەرکرد، مشتومڕەکە تەنیا لە سنووری ناوبژیوانی نەوەستا، بەڵکو درێژبووەوە بۆ هەڵبژاردەکانی راهێنەر چابی ئەلۆنسۆ، کە دوای دەرکردنی یاریزانەکە تووشی دۆخێکی سەخت بوو، و ناچاربوو پێکهاتەی تیپەکە لە نیوەی دووەمدا دابڕێژێتەوە. 
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، ئەلۆنسۆ بەهیچ شێوەیەک لە ئاستە ساردوسڕەکەی ئیبراهیم دیاز رازی نەبوو، کە دەرفەتێکی زێڕینی پێدرا بە دەستپێکردنی یارییەکە بەشێوەی سەرەکی، بەڵام وەک پێویست نەیقۆستەوە.
 
رۆژنامەی دیفێنسا سێنترال روونیکردەوە کە ئەلۆنسۆ لە پشووی نێوان دوو گێمەکەدا لەگەڵ یاریزانەکە کۆبووەتەوە و پێیڕاگەیاند کە ئاستەکەی "لە ئاستی چاوەڕوانییەکان نییە"، و بڕیاریدا دەستبەجێ بە فێدێ ڤاڵڤێردی بیگۆڕێتەوە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان دوای کەمبوونەوەی ژمارەی یاریزانان، و راشکاوانە پێیگوتووە "دەرفەتەکان زۆر نایەنە پێشەوە و لەوانەیە ئەمە دوادەرفەتی بێت بەسەرەکی یاری بکەی ئەگەر ئاستەکەت باشتر نەبێت". هەروەها پێیگوتووە "تۆ بەم ئاستەوە هەرگیز یاری ناکەیتەوە".
 
وەک ئەوەی  دیفێنسا سێنترال باسی دەکات، لە سایەی ئەم پەرەسەندنە فرەلایەنەدا، کەشوهەوای ناو ریال مەدرید پڕە لە گرژی، نەک تەنیا بەهۆی ناوبژیوانی، بەڵکو بەهۆی دابەزینی ئاستی هەندێک یاریزانی سەرەکی، ئەمەش لەوانەیە وا لە راهێنەر بکات بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات لە یارییەکانی داهاتوودا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە