رووداو دیجیتاڵ
لەدوای یاریی ئاڵاڤێسەوە، کە ریال مەدرید بەزەحمەت 2-1 بردییەوە، چابی ئەلۆنسۆ بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی داوە، کە ئەگەر هەیە داهاتووی یەکێک لە ئەستێرەکانی ریال مەدرید بگۆڕێت.
سەرەڕای باشبوونی دۆخی ریال مەدرید لەم دواییانەدا، هێشتا کاریگەرییە نەرێنییەکانی شکستەکانی پێشوو ماون. کەشی گرژی نێو ژووری جلگۆڕین پرسیار دەربارەی چارەنووسی هەندێک یاریزان دروست دەکات،بەتایبەتیش دەربارەی یاریزانێک کەلەوانەیە بەم نزیکانە یانەکە جێبهێڵێت.
ناوەکان بەفەرمی نەهێنراون، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ڤینیسیۆس جۆنیۆر لەوانەیە لە دڵی بڕیارە چاوەڕوانکراوەکەدا بێت، بەتایبەتی دوای ماوەیەک کە شایەتحاڵی نەگونجانی تەواوەتی بوو لەگەڵ شێوازی راهێنەری ئێستا، چابی ئەلۆنسۆ.
کێشەکانی ڤینیسیۆس لەگەڵ گۆڕینی شێوازی یاریکردن دوای رۆیشتنی ئەنچێلۆتی دەستی پێکرد. یاریزانەکە لەگەڵ شێوازە جەستەییە چڕەکە و راهێنانی بەردەوام کە راهێنەرە ئیتاڵییەکە سەپاندبووی دەدرەوشایەوە، بەڵام شێوازە تەکتیکییە تووندەکەی چابی ئەلۆنسۆ، کە پشت بە گوشاری بەکۆمەڵ و وەرگرتنەوەی خێرای تۆپ دەبەستێت، بەتەواوی لەگەڵ تواناکانی ئەودا نەدەگونجا.
ئەم جیاوازییە بووە هۆی دانیشتنی ڤینیسیۆس لەسەر کورسی یەدەگ لە هەندێک یاریی گرنگدا، لەوانەش یارییەکانی کلاسیکۆ، کە بەڕوونی رەنگدانەوەی لەسەر ئاستی تیپەکە هەبوو. ئەو رەخنانەی ئاراستەی کرابوون جەختیان لەسەر کەمتر پابەندبوونی دەکردەوە بە گوشار و گەڕانەوە بۆ بەرگری، کە توخمێکی سەرەکییە لە فەلسەفەی ئەلۆنسۆدا.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییە ئینگلیزییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە داهاتووی ڤینیسیۆس بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە چارەنووسی چابی ئەلۆنسۆوە. ئەگەر راهێنەرەکە بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی شێوازەکەی بەبێ دۆزینەوەی چارەسەر، لەوانەیە یانەکە ناچار بێت یاریزانەکە لە پێکهاتەی سەرەکی دوور بخاتەوە یان تەنانەت بیفرۆشێت و دەڵێن "ئەلۆنسۆ دوای یاریی ئاڵاڤێس بە نزیکەکانی گوتووە زەحمەتە ڤینی لەگەڵ پلانەکانم بگونجێت"، ئەمەش داهاتووی یاریزانە بەرزیلییەکە دەخاتە مەترسییەوە.
ئاڵنگاری راستەقینە لەبەردەم ریال مەدرید ئێستا دۆزینەوەی هاوسەنگییە لە نێوان شێوازی یاریکردنی نوێ و تواناکانی ڤینیسیۆس، ئەگەرنا یاریزانەکە و یانەکە رووبەڕووی بژاردەیەکی سەخت دەبنەوە کە لەوانەیە نەخشەی تیپەکە بەتەواوی بگۆڕێت پێش وەرزی داهاتوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ