رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنێلا رۆکوزۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، وێنەی ئەو دیارییە گەورەیەی بڵاوکردەوە لە لیۆنێل مێسی هاوژینی وەرگرتووە. مێسی لە کاتێکدا سەرقاڵی چاکبوونەوەیە لە پێکانەکەی، لایەنە سۆزدارییەکەی خۆی نیشاندا و بەبێ دەنگ و دوور لە چاوی کامێراکان، رۆژی 14ـی مانگی 02ـی 2026ـی بۆ هاوژینەکەی کردە یادێکی تایبەت.
ئەو دیارییانەی ئەنتۆنێلا وێنەی گرتوون، پێکهاتبوون لە ورچێکی گەورە، شلیک بە شوکولاتە و چەندین وردەکاری دیکەی رۆمانسی، لەگەڵ بینینی دیمەنی کەناراوەکانی مەیامی لە کاتی خواردنی ژەمی ئێوارە.
مێسی و ئەنتۆنێلا ساڵی 2017 لە شاری رۆزاریۆی ئەرجەنتین هاوسەرگیرییان کرد، بەڵام چیرۆکی خۆشەویستییان بۆ سەردەمی منداڵی دەگەڕێتەوە. ئەنتۆنێلا ئێستا تەنیا وەک هاوژینی باشترین یاریزانی جیهان دەرناکەوێت، بەڵکو بووەتە رووکارێکی دیاری براندە جیهانییەکانی جوانکاری.
ئەنتۆنێلا لە هەڤپەیڤینێکی میدیاییدا باس لە سیستمی ژیانی مێسی دەکات و دەڵێت: "هاوژینەکەم بەهۆی کارەکەیەوە هەمیشە دەبێت پابەندی سیستمی خۆراکی بێت. ئێمە دەبێت خواردنی تەندروست بخۆین، کحول ناخۆینەوە و جگەرە ناکێشین. هەوڵدەدەین هەموو شتێک سروشتی بێت، وەرزش و تەندروستی مێشک بەشێکی سەرەکین لە ژیانمان".

ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە پێشتر باسی ژیانی تایبەتی خۆی کردبوو، ئاماژەی بەوە دابوو دەیەوێت باوک و هاوژینێکی ئاسایی بێت. مێسی دەڵێت: "لە ناو ماڵەکەمدا وەک هەر کەسێکی دیکە بەرپرسیارێتی باوکایەتی و هاوژینیم لەسەرە. من زۆر رێکخراوم و هەندێک جار حەز بە تەنیایی دەکەم، چونکە دەنگەدەنگی سێ منداڵەکەم لە ناو ماڵدا ماندووم دەکات".


مێسی لە دوایین دەرکەوتنەکانیدا رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە بردنەوەی نازناوی ئێم ئێڵ ئێس کەپ بۆ ئینتەرمەیامی لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو. ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا مێسی لە مۆندیالی داهاتوو بەشدار دەبێت؟ یاریزانە 38 ساڵەکە دەڵێت: "هیوادارم لەوێ بم، مۆندیال بۆ هەمووان تایبەتە، بەتایبەت بۆ ئێمەی ئەرجەنتینی". بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەرزی نوێی خولی ئەمریکی دەستپێبکات و ئینتەرمەیامی ئەرکی پاراستنی نازناوەکەی لەسەر شان بێت.


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ