فۆنسێکا پەیامێکی تووند ئاراستەی ئێندریک دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن ئێندریک
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

پاولۆ فۆنسێکا، راهێنەری لیۆنی فەرەنسی، هۆشداری دەداتە ئێندریکی بەرازیلی و هێرشبەری تیپەکەی کە بەخواستن لە ریال مەدریدەوە هاتووە، دوای ئەوەی لە یاریی رابردووی بەرامبەر نانت کارتی سووری وەرگرت. فۆنسێکا دەڵێت، دەبێت ئێندریک لەو دۆخانە فێری وانە ببێت.
 
لیۆن توانی یاریی بەرامبەر نانت بەئەنجامی 1-0 بباتەوە و شەشەم سەرکەوتنی لەسەریەک تۆمار بکات، بەڵام وەرگرتنی کارتی سوور لەلایەن ئێندریک لە خولەکی 60ـی یارییەکە، راهێنەرەکەی نیگەران کرد. هەرچەندە سەرەتا بە کارتی سووری راستەوخۆ کرایە دەرەوە، بەڵام دوای پێداچوونەوە و راپۆرتی ناوبژیوان، سزاکە بۆ کارتی زەردی دووەم کەمکرایەوە و تەنیا یەک یاری سڕ دەکرێت.
 
پاولۆ فۆنسێکا بەرگری لە هێرشبەرە بەرازیلییەکەی دەکات و دەڵێت "یاریزانەکەی نانت نەیویست یاری بە تۆپ بکات، بەڵکو دەیویست رێگری لە ئێندریک بکات. ئەمە سێیەم یارییە بەرامبەرەکانمان بە تووندوتیژییەکی زۆرەوە بەرامبەر ئێندریک یاری دەکەن. ناوبژیوانان دەبێت پارێزگاری لە بەهرەی یاریزانی وەک ئەو بکەن".
 
راهێنەری لیۆن ئاماژەی بەوەش کرد قسەی لەگەڵ ئێندریک کردووە و پێیگوتووە "دەبێت ئێندریک لەم دۆخە فێری وانە ببێت. پێویستە تێبگات ئەو ئێستا یاریزانێکی جیهانییە و هەموو چاوەکان لەسەر ئەون".
 
ئێندریک لەو کاتەوەی لە مانگی 01ـی 2026ـەوە پەیوەندی بە لیۆنەوە کردووە، ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکات. ئەو توانیویەتی 3 گۆڵ تۆمار بکات و گۆڵێکیش دروست بکات، هەروەها خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی 01ـی خولی فەرەنسای پێدرا.
 
ئەو یاریزانە لاوە ئاشکرایکرد پێش ئەوەی روو لە فەرەنسا بکات، راوێژی بە لوکاس پاکێتا و برۆنۆ گیمارێش کردووە کە پێشتر لە لیۆن یارییان کردووە. ئێندریک دەڵێت "پێش هاتنم قسەم لەگەڵ پاکێتا و برۆنۆ کرد، ئەوان پێیانگوتم ئێرە شوێنێکە دەتوانیت لێی دڵخۆش بیت".
 
هەروەها ئێندریک ئاماژەی بەوە کرد پێش بڕیاردان، قسەی لەگەڵ کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل کردووە و دەڵێت "گفتوگۆیەکی نایابمان هەبوو. هەندێک ئامۆژگاری پێدام کە هەمیشە لەلام دەمێننەوە. ئێستا دەبێت کار بکەم بۆ ئەوەی ببمە یاریزانێکی باشتر".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە