رووداو دیجیتاڵ
وادیارە چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، بڕیاریداوە لە یارییەکەی ئەمشەوی چوارشەممەدا لە چوارچێوەی کێبڕکێکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، سوپرایزێک بۆ مانچێستەر سیتی بکات.
ریال مەدرید لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی مانچێستەر سیتیی رکابەری دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی شەشەمی قۆناخی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
یانەی شاهانە بەدەست چەندین ئامادەنەبوونەوە لە هێڵی بەرگریدا دەناڵێنێت، دوای پێکانەکەی ئێدێر میلیتاو لە یاریی رابردوودا بەرامبەر سێلتاڤیگۆ لە خولی ئیسپانیا، سەرەڕای بەردەوامی ئامادەنەبوونی دین هاوسن، دانی کارڤاخال و ترێنت ئەلێکساندەر ئاڕنۆڵد.
هەروەها گومان لە ئامادەیی ئەستێرەی فەرەنسی، کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری یانەکە هەیە، کە لە مەشقەکانی رۆژی سێشەممەی ریال مەدریددا بە تەواوی ئامادە نەبووە.
ریال مەدرید خاوەنی 12 خاڵە لە چامپیۆنزلیگدا و لە پلەی شەشەمدایە، مانچێستەر سیتیش 10 خاڵی هەیە و لە پلەی 12ـدایە.
بەپێی ئەوەی رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، چابی ئەلۆنسۆ بڕیاریداوە 'پلانی ئێندریک' کارا بکات، ئەوەش لەڕێگەی پشتبەستن بە ئەستێرە بەرازیلییەکە، کە لە ماوەی رابردوودا لە یارییەکانی تیپەکە دابڕاوە.
ڕۆژنامەکە دەڵێت "ئەلۆنسۆی راهێنەر قسەی تایبەتی لەگەڵ هێرشبەرە بەرازیلییەکە کردووە و لە کاتی مەشقەکاندا زیاتر لە جاران گرنگی پێداوە و رێنمایی راستەوخۆی ئاراستە کردووە".
راپۆرتەکە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "ئەم گرنگیدانە بە ئێندریک، لەگەڵ ئەو گومانانەی لەسەر بەشداریکردنی ئێمباپێ هەیە، لەوانەیە بەو مانایە بێت کە هێرشبەرە بەرازیلییەکە دەرفەتێکی هەیە، هەرچەندە کەمیش بێت، بۆ ئەوەی رۆڵێکی گرنگ بەرامبەر مانچێستەر سیتی بگێڕێت، جا سەرەکی بێت یان یەدەگ.
ئێندریک ئەگەر بەشێوەی سەرەکی بەشداری بکات، ئەوا دەبێتە یەکەمجار لەم وەرزەدا و یەکەمجاریش لەژێر سەرپەرشتی چابی ئەلۆنسۆدا، و ئەگەر لەسەر کورسیی یەدەگیش بچێتە نێو یاریگە، ئەوا دوای زیاتر لە مانگێک دەردەکەوێتەوە، واتە لە دوای بەشداریکردنی بۆ ماوەی 11 خولەک بەرامبەر ڤالێنسیا لە یەکی نۆڤەمبەر، کە تەنیا جارە تاوەکو ئێستا یاری کردبێت. هەروەها ئامادەنەبوونی لە یاریی داهاتوو بەرامبەر ئالاڤێس بەهۆی سزاوە (دوای دەرکردنی بەرامبەر سێڵتاڤیگۆ بە کارتی سوور) ئەگەری ئەوە زیاد دەکات کە ئەمە تەنیا کاتی بەردەست بێت بۆی پێش ماوەی وەستان".
مارکاروونیکردووەتەوە "ئەمە سەرکێشییەکی چاوەڕواننەکراو دەبێت بە لەبەرچاوگرتنی کەمی ئەو دەرفەتانەی یاریزانەکە دوای چاکبوونەوەی لە پێکانەکەی کۆتایی بەدەستیهێناون، هەروەها دۆخی ئێستای وایلێدەکات زۆر نزیک بێت لە رۆیشتن لە بازاڕی زستانەدا، کە بژاردەی خواستن لە مانگی یەکەوە بە بەهێزی لە ئارادایە، تەنانەت شوێنی داهاتووی کە ئەگەری هەیە ئۆڵۆمپیک لیۆن بێت، و بەشێوەیەکی بەرفراوان باسی لێوە دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە "لەگەڵ ئەگەری ئامادەنەبوونی ئێمباپێ یان دانیشتنی لەسەر کورسیی یەدەگ بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسی، دەرگای دەرفەت لەبەردەم ئەو یاریزانانە دەکرێتەوە کە ئەم وەرزە خولەکی زۆریان بەدەستنەهێناوە، وەک ئێندریک و گۆنزالۆ گارسیا، کە هەردووکیان پاڵێوراون بۆ پڕکردنەوەی پێگەی 9 ئەگەر ئەستێرە فەرەنسییەکە ئامادە نەبێت بۆ دەستپێکردنی یارییەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی، بەڵام ماستانتونۆ، رۆدریگۆ و ئیبراهیم دیاز، خاوەنی تایبەتمەندی گونجاو نین بۆ ئەم رۆڵە، هەروەها لە باشترین دۆخی خۆیاندا نین، ئەمەش وا دەکات ناسنامەی هاوبەشی ڤینیسیۆس لە هێڵی هێرشبەردن زیاتر لە جاران لێڵ بێت".
جەختیشی کردەوە "لە بارودۆخی ئاساییدا، دەبوو گۆنزالۆ لە پێشینە بێت بۆ سەرکردایەتیکردنی هێڵی هێرشبردن بەرامبەر مانچێستەر سیتی، بەو پێیەی ئەم وەرزە زیاتر لەگەڵ چابی بەشداری کردووە (163 خولەک لە 13 یارییدا) و لەڕووی ریتمەوە ئامادەترە، چونکە نزیکەی 400 خولەکی دیکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی خوار 21 ساڵان ئەنجام داوە، بەڵام گرنگتر لەوە ئەوەیە کە ئەو چارەسەرە سەرکەوتووە بوو کە راهێنەر پەنای بۆ برد بۆ قەرەبووکردنەوەی ئامادەنەبوونی ئێمباپێ لە مۆندیالی یانەکان؛ لەکاتێکدا ئێندریک تووشی پێکان بوو، چابی گرەوی لەسەر گۆنزالۆ کرد و لە ئاستی متمانەکەدا بوو و چوار گۆڵی تۆمارکرد، و بووە یاریزانێکی سەرەکی لە هەموو یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە ئەمریکا".

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ