چەند پەیامێکی گرنگ لە ڤینیسیۆسەوە لەبارەی ریال مەدرید و بردنەوەی مۆندیال

16-02-2026
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جونیۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی ریال مەدرید باسی ژیانی رۆژانەی خۆی دەکات، ستایشی ریال مەدرید دەکات و چاوی لە بردنەوەی نازناوی مۆندیالە.
 
ڤینیسیۆس لە نوێترین دەرکەوتنیدا لەگەڵ ئیبای لانۆس، یوتیوبەری ئیسپانی لەبارەی زۆر پرسی جیاوازەوە قسەیکرد و چەند وردەکارییەکی نوێی لەبارەی ژیانی رۆژانەی ئاشکرا کرد.

ژیانی رۆژانەی ڤینیسیۆس


لە سەرەتای قسەکانیدا یاریزانە بەرازیلییەکە گوتی "سەرەتای رۆژەکانم هەمیشە بە مەشقی بەیانیان دەستپێدەکات، دوای ئەوە لەگەڵ هاوڕێکانم خواردنم دەخۆم و پاشان دوو کاژێر دەخەوم."
 
ئەستێرە بەرازیلییەکەی ریال مەدرید زیاتر قسەیکرد و گوتی " لە کاژێر 19:00 تاوەکو 00:00 لەگەڵ هاوڕێکانم یاریی پلەیستەیشن، کۆڵ ئۆف دیوتی و فیفا دەکەین، هیچم حەزم بەوە نییە بچمە هۆڵی وەرزشی، بەڵام ناچارم ئەوە بکەم و کاری منە، هەفتەی 4 بۆ 5 یەکەی مەشقی دەکەم بەهۆی جەنجاڵیی خشتەی یارییەکانەوە."

دەمەوێت ئەستێرەی شەشەم بخەمە سەر درێسی بەرازیل
 
ڤینیسیۆس جونیۆر سەرەڕای ئەوەی نزیکەی هەموو نازناوێکی لەسەر ئاستی یانەکان بەدەستهێناوە، ئارەزووی بەدەستهێنانی جامەکانی لەدەست نەداوە. ئەستێرە بەرازیلییەکە دووپاتیکردەوە "زۆر شتم بردووەتەوە، بەڵام دەمەوێت بەردەوام بم لە بردنەوەکان، ئێمە بە وەرزێکی بێ بردنەوەدا تێدەپەڕین، ئەوەش بۆ ئێمە زۆر قورسە، ئەمساڵ هیوادارم بتوانین نازناوی شەشەممان لەگەڵ بەرازیل بەدەستبهێنین".
 
ڤینیسیۆس جۆش و خرۆشێکی زۆری بۆ هاتنی کارلۆ ئەنچیلۆتی وەک راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل دەربڕی و پێیوایە راهێنەرە ئیتاڵییەکە "ئاڕاستەی تیپەکەی گۆڕیوە و دەڵێت ئێمە باشتر یاری دەکەین و دڵخۆشتر و ئارامترین". جگە لەوەش باسی چیرۆکێکی پێکەنیناوی دەکات و دەڵێت: هەر جارێک پەیوەندیم پێوە دەکات پێم دەڵێت مۆندیال دەبەینەوە، ئەو بە پۆرتوگالی قسەدەکات و زۆر بەخێرایی فێری بووە."
 
ڤینی بەهێزترین هەڵبژاردەکان بۆ مۆندیالی داهاتوو دەستنیشاندەکات و گوتی " پورتوگال، ئیسپانیا، فەرەنسا و ئەرجەنتین"، ئیسپانیا هەمیشە یارییەکی زۆر باش دەکات و یاریزانی کوالیتی بەرزی زۆرە، پێموایە ئەو چوار هەڵبژاردەیە ئێستا بەهێزترین تیپن بەتایبەت کە گۆڕانکاریی زۆر لە پێکهاتەکانیاندا لەگەڵ مۆندیالی رابردوو رووینەداوە."
 
لەبارەی خێراییە ناوازەکەی لە یاریگەدا، ڤینیسیۆس جونیۆر دەڵێت "زۆر پێویستم بە جەستەمە، چونکە زۆر پشت بە خێراییەکەم دەبەستم. دەبێت لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە بێخەوش بین، چونکە هەمیشە لە رووی تەکنیکییەوە وەک ئەوە نابین کە دەمانەوێت."
 
ڤینیسیۆس پابەندبوونی خۆی بە سیستمێکی خۆراکی توند لەژێر چاودێری پسپۆڕێکی خۆراکدا ئاشکرا کرد و گوتی: "پسپۆڕێکی خۆراکم هەیە کە سەرپەرشتی هەموو شتێک دەکات. بە باشی لەگەڵ بارودۆخەکە راهاتووم، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ناتوانم شیرینی بخۆم."
 
هەروەها ڤینیسیۆس بە متمانەبەخۆبوونەوە گوتی "دەتوانێت ماوەی 100 مەتر تەنیا بە 11 یان 12 چرکە ببڕێت."


منیش جاران فیکەم بۆ تیپی بەرامبەر لێدەدا

 
دوای ئەوەی یاریزانە بەرازیلییەکە گفتوگۆی لەبارەی گوشار و فیکەی هاندەرانەوە کرد و گوتی " کاتێک زۆر گەنجین، فێر نابین چۆن مامەڵە لەگەڵ نێوبانگدا بکەین. من لە هیچەوە هاتم و بووم بە کەسێکی بەنێوبانگ، ئێستاش ناتوانم بە ئاسانی بچمە سەر شەقام." دەبێت گوێ لە هەموو شتێک بگریت، نەک تەنیا شتە باشەکان."
سەبارەت بە فیکە لێدانی هاندەران لە یاریگاکاندا، ڤینی زۆر بەراشکاوی گوتی: "من حەزم لێیەتی. ئێمە بۆ ئەم جۆرە یارییانە راهێنان دەکەین. لە کاتە پڕ لە گوشارەکاندا باشترین یاریزانەکان دەردەکەون، ئێمەش لە مەدرید بۆ ئەوە ئامادەین." "کاتێک منیش دەچووم بۆ بینینی یارییەکانی فلامینگۆ، فیکەم دژی یاریزانانی تیپی بەرامبەر لێدەدا. لە تۆپی پێدا کاتێک یارییەکە تەواو دەبێت، هەموو شتێک کۆتایی دێت"
 
ڤینیسیۆس جونیۆر باس لە کاریگەری و پەیوەندی خۆی لەگەڵ یاریزانانی ریال مەدرید دەکات و دەڵێت "بەداخەوە کە لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریم نەکرد."

هەموو هاوینێک نامەم بۆ ئێمباپێ دەنارد
 
ڤینی لەبارەی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ یاریزانان و بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکەن گوتی "هەموو هاوینێک نامەم بۆ ئێمباپێ دەنارد و پێمدەگوت، کەی دێی؟ وەکو بەڕێوەبەری کاری یاریزانان مامەڵەم دەکرد، لەگەڵ جود بێلینگهامیش هەمان شتم کرد، دەمەوێت لەگەڵ باشترینەکان یاری بۆ ئەوەی هەلی زیاترم هەبێت بۆ بردنەوە."
 
ئەستێرەکەی ریال مەدرید بازنەی هاوڕێیەتی خۆی لە ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا باس دەکات و دەڵێت "ئێمباپێ، کاماڤینگا، مێندی هاوڕێی نزیکی منن، ئێمە کاتێکی زیاترە بەیەکەوەین، وەکو ئەوەی لەگەڵ خێزانەکانماندابین." لەبارەی لوکا مۆدریچیشەوە گوتی "ئەو خاوەنی شتێکی تایبەتە کە تەنیا خۆی هەیەتی. زۆر بیری دەکەم. حەزی لە گاڵتەوگەپ بوو، بەڵام حەزی بە دۆڕان نەبوو."
 
ئەوەی ڤینی دڵتەنگ دەکات، ئەوەیە کە بەختی نەبووە لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاری بکات و دەڵێت "من رێک لەو ساتەدا گەیشتم کە ئەو یانەکەی جێهێشت. هیوام دەخواست بتوانم لەگەڵیدا یاری بکەم."

سەیری ئەنجامەکەم نەکرد، دەمزانی دەیبەینەوە
 
ڤینیسیۆس بردنەوە دراماتیکییەکەیان بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگدا بەبیر دەهێنێتەوە و دەڵێت "هەستمان دەکرد ئەنجامەکە بەرامبەر مانچێستەر سیتی پێچەوانە دەکەینەوە، بەتایبەت کاتێک چووینە کاتی زیادکراو، دەمانزانی دەبەینەوە. کاتێک خۆسێلۆ گۆڵی لە بایرن میونشن کرد، تەنانەت سەیرمان نەکرد کە لەسەر شاشەی نێو یاریگە ئەنجامەکە چەند بە چەندە، دەمانزانی بەر لەوەی یارییەکە تەواو ببێت هەر دەبەینەوە."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا ڤینیسیۆس لەبارەی یاریی قۆناخی پلەی ئۆف بەرامبەر بێنفیکا گوتی "یارییەکە زۆر زەحمەت دەبێت، رێزی زۆر لە جۆزێ مۆرینیۆ دەگرین و مێژووی یانەکەی گۆڕی."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە