رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر بەفەرمی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی راگەیێنرا، بەڵام ریال مەدرید دەتوانێت گرێبەست لەگەڵ نیکۆ شلۆتەربێک، بەرگریکاری بۆرووسیا دۆرتموند واژۆ بکات.
ماوەیەکی زۆرە ناوی ئەو بەرگریکارە بە یانەی ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە و دەنگۆی ئەو بڵاوکرابووەوە، کە لە هاوینی داهاتوودا ئەو یاریزانە لە پلانەکانی ریال مەدریددایە بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ بکرێت.
چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەر، یانەی بۆرووسیا دۆرتموند بەشێوەیەکی فەرمی نوێکردنەوەی گرێبەستی نیکۆی تاوەکو ساڵی 2031 راگەیاند، بەڵام رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی وردەکاریی نوێ ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ریال مەدرید دەتوانێت گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە".
بەپێی هەواڵی رۆژنامەکە، سێ یانە دەتوانن مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نیکۆ شلۆتەربێک جێبەجێ بکەن، ریال مەدرید و لیڤەرپوول، لەگەڵ یانەیەکی دیکە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە.
مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە لەنێوان 43 بۆ 52 ملیۆن پاوەندە و تەنیا بۆ سێ یانە کاری پێدەکرێت.
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەو بڕگەیەی گرێبەستەکەی یانەی بایرن میونشن ناگرێتەوە، کە یەکێک لە رکابەرە سەرەکییەکانی بۆرووسیا دۆرتموندە.
نیکۆ شلۆتەربێک، تەمەنی 26 ساڵە، لە 2022 لە یانەی فرایبۆرگەوە پەیوەندیی بە بۆرووسیا دۆرتموندەوە کردووە، گرێبەستەکەی ئێستا تاوەکو 2031 بەردەوامدەبێت و نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 55 ملیۆن یۆرۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ