رووداو دیجیتاڵ
ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت، لە یارییەکەیان بەرامبەر بارسێلۆنا، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی یۆرۆپالیگ، کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و راپۆرتێکی رۆژنامەڤانیش دەڵێت " لە کڕینی بلیتەکانی یارییەکەدا فێڵ لە یانەی بارسێلۆنا کراوە ."
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، سێ فێڵ بۆ کڕینی بلیتەکانی یارییەکە لە یانەی بارسێلۆنا کراون، بۆ ئەوەی لە یارییەکەدا هاندەرانی فرانکفۆرت زیاتر لە یاریگەدا ئامادەبن، سەرەڕای ئەوەی کە یارییەکەش لە یاریگەی یانە کەتەلۆنییەکە بووە.
بەپێی رۆژنامەکە فێڵی یەکەم ئەوەبوو، هاندەرانی ئەڵمانیا راستەوخۆ لە ئەڵمانیاوە بلیتەکانی یارییەکەیان کڕیوە، بەبێ ئەوەی وڵاتەکەیان دیاربکەن، ئەمەشیان لە رێگەی سیستمی (VPN)ـەوە ئەنجامداوە.
فێڵی دووەمی هاندەران ئەوەبووە، بەشێکی ئەو ئەڵمانیانەی لە دەرەوەی وڵاتەکەیان دەژین توانیویانە بەبێ هیچ بەربەستێک لە رێگەی ماڵپەری بارسێلۆناوە بلیتەکانیان کڕیوە و پاشان بە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە بۆ هاندەرە هاوڕێکانیان ناردووەتەوە.
فێڵی سێیەم تایبەتە بە ئەو ناپاکییەی هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا، کە بەشێکی زۆریان بلیتەکانی یارییەکەیان فرۆشتووەتەوە بە هاندەرە ئەڵمانییەکان.
میدیای ئیسپانیا دەڵێت " 35 هەزار هاندەری ئینتراخت فرانکفۆرت لە یاریگەی کامپ نو ئامادەبوون، هاندەرانی ئەوان لە هی بارسێلۆنا زیاتربوون، کە بەشێکی زۆری هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە بلیتەکانیان فرۆشتووەتەوە و بەو هۆیەوە یانەی بارسێلۆنا 3.6 ملیۆن یۆرۆی دەستکەوتووە."
رووداوەکە چۆن روویدا؟
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی کەتەلۆنیا بەم شێوەیە چیرۆکی ئەو شەوە چاوەڕواننەکراوەی بارسێلۆنا دەگێڕنەوە " تێر شتیگن ، گۆڵپارێزی یانەی بارسێلۆنا کاتێک چووە نێو یاریگە بۆ مەشقی خۆگەرمکردن، ھاندەران فیکەیان بۆ لێدا، نەیزانی چی روودەدات، بەپەلە گەڕایەوە ژوورەوە و شۆک بووبوو، بە ھەمووانی گوت: "ئێمە لە کامپنو نین"!.
دوای ئەو چاڤی هێرناندێز و یاریزانەکانی چوونەتە توونێلی چوونە ژوورەوە بۆ نێو یاریگە، هەموویان تووشی سەرسوڕمان بوون، چاڤی پەیوەندی بە جۆردی کرۆیف، سکرتێری یانەکەوە کرد و گوتی ئەمە چییە روودەدات؟ کرۆیف گوتی: منیش ھێشتا شۆکم، دوای ئەوە چاڤی راستەوخۆ گەڕایەوە ژووری جل گۆڕین و بە یاریزانەکانی گوت " دۆخەکە بەمشێوەیەیە، وەک ئەوەی یاری کۆتایی بێت، لەگەڵ 50٪ـی هاندەرانمان یارییدەکەین".
دوای یارییەکە چاڤی هێرناندێز، راهێنەری بارسێلۆنا گوتی " ئێمە چاوەڕوانبووین 70 هەزار هاندەری بارسێلۆنا پاڵپشتیمان بکەن، بەڵام ئەوە رووینەدا."
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا گوتی " ئەوەی لە یارییەکە روویدا شەرمەزاری بوو و جێگەی قبوڵکردن نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ