تایبەت بە رووداو.. سێ ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید سەردانی عێراق دەکەن

16-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سێ ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، سەردانی عێراق دەکەن و لە رێوڕەسمی کردنەوەی لقێکی بارەگای لالیگا لە بەغدا ئامادەدەبن.
 
بەپێی بەدواداچوونێکی دێسکی وەرزشیی رووداو، رۆژی 27ـی ئەم مانگە، هەریەکە لە لویس فیگۆ، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، میشێل سالگادۆ، بەرگریکاری پێشووی ئیسپانیا و ئیکەر کاسیاس، کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا کە هەرسێکیان لە ئەستێرە دیارەکانی یانەی ریال مەدریدن بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی لقێکی لالیگا لە بەغدا ئامادەدەبن.
 
جگە لەوەش خاڤێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا بۆ کردنەوەی بارەگاکە جارێکی دیکە سەردانی عێراق دەکاتەوە، دوای کردنەوەی بارەگاکەش بەیەکەوە لەگەڵ ئەستێرەکانی پێشوو ئامادەی کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانەی جەوییە و زەورا دەبن، کە بۆ یەکەمجار فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەشێوەیەکی زۆر جیاواز و سەردەمیانە دەیەوێت یارییەکە بەڕێوەببات.
 
دوای رێککەوتنی نێوان هەردوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگا، خولی ئەستێرەکانی عێراق پێشڤەچوونێکی زۆری بەخۆیەوە بینیووە و بۆ یەکەمجار لە وەرزدا سیستمی ڤار لە خولەکەدا بەکارهێنرا، لە یاریی نێوان هەردوو یانەی جەوییە و زەوراش دەستەی بەڕێوەبردنی خولەکە دەیەوێت ئەزموونێکی نوێ لە گواستنەوەی میدیایی یارییەکان تاقیبکەنەوە و بە کامێرەی جاڵجاڵۆکەیی یارییەکە پەخش دەکرێت.
 
پێشتر هەریەکە لە عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و خاڤێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا زیاتر لە جارێک رایانگەیاندووە، دەیانەوێت خولی عێراق بکەنە یەکێک لە بەهێزترین خولەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
 
ئەمە جاری یەکەم نییە، ئەستێرە بەنێوبانگەکانی ریال مەدرید سەردانی عێراق دەکەن، پێشتر لە 2017 بۆ ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانە بەرامبەر ئەستێرەکانی پێشووی عێراق، میشێل سالگادۆ، هاوشانی ریڤالدۆ، پاتریک کلویڤێرت، خاڤێر زانێتی، هێرنان کریسپۆ و چەندین ئەستێرەی دیکە سەردانی عێراقی کردبوو و ئەمە دەبێتە دووەم سەردانی ئەو بەرگریکارەی پێشووی ریال مەدرید بۆ عێراق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەزیز ئەلاڵد، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر

سەرۆکی ئامەدسپۆر لەلایەن بارسیلۆنا و ئەتلەتیکۆ مەدرید بانگهێشتکراوە

عەزیز ئەلاڵد دوای ئەوەی لە کۆنگرەی یانەی ئامەدسپۆر بە سەرۆکی یانەکە هەڵبژێردرایەوە، رایگەیاند لەلایەن یانەکانی بارسێلۆنا و ئەتلەتیکۆ مەدرید بانگهێشتکراوە و لەگەڵیاندا کۆدەبێتەوە.