ریال مەدرید، بارسێلۆنا و میلان رکابەری لەسەر ئەم یاریزانە دەکەن

26-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید بارسێلۆنا میلان ئاردا گولەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانە گەورەکانی ئەوروپا، کەوتوونەتە نێو رکابەرییەکی بەهێز لەسەر گواستنەوەی یاریزانێکی تورک، کە لە یانەی فێنارباخچەی ئەو وڵاتە یارییدەکات.
 
یاریزانەکە ناوی ئاردا گولەرە، تەمەنی تەنیا 18 ساڵە، یاریزانی هەڵبژاردەی تورکیا و یانەی فێنارباخچەیە، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی یاریزانەکە پێشکێشیدەکات، بووەتە جێگەی سەرنجی زۆرینەی یانە گەورەکانی ئەوروپا و داوای گواستنەوەی یاریزانەکە دەکەن.
 
هەریەکە لە یانەکانی ریال مەدرید و بارسێلۆنای ئیسپانی، ئەیسی میلانی ئیتاڵی ئەو یانانەن کە رکابەری لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە دەکەن و هەرسێکیشیان دەستەوارەیان پێشکێشی یانە تورکییەکە کردووە.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، دەستەوارەی یانەی ریال مەدرید بەمشێوەیە 17.5 ملیۆن یۆرۆ وەک مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە، بەڵام یاریزانەکە وەرزێک لە یانەی فێنارباخچە بمێنێتەوە و یانە تورکییەکەش پێشوازی لەم دەستەوارەیە دەکات.
 
یانەی بارسێلۆنا پێچەوانەی ریال مەدرید ئامادەیە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە جێبەجێبکات و راستەوخۆ یاریزانەکە بگوازێتەوە.
 
هەرچی یانەی ئەیسی میلانە دەیەوێت 22 ملیۆن یۆرۆ و هەندێک گۆڕانکاری بخاتە بەردەم یانەی فێنارباخچە، جگە لەوەش بەشێکی پارەی قازانجی فرۆشتنی یاریزانەکە لە داهاتوودا بداتە ئەو یانەیە.
 
لەگەڵ ئەوەی ئەم سێ یانەیە داوای یاریزانەکە دەکەن، هێشتا داهاتووی یاریزانەکە روون نییە، بەتایبەت کە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی فێنارباخچە تاوەکو هاوینی 2025 بەردەوام دەبێت و لە هاوینی ساڵی رابردوودا نوێکراوەتەوە.



 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە