ئەفسانەیەکی دیکەی ریال مەدرید دژایەتی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی مۆرینیۆ راگەیاند

52 خولەک له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رۆبێرتۆ کارلۆس جۆزێ مۆرینیۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوای ئەوەی ئیکەر کاسیاسی گۆڵپارێزی ئەفسانەیی پێشووی ریال مەدرید راشکاوانە رایگەیاند کە پێی باش نییە جۆزێ مۆرینیۆ بگەڕێتەوە راهێنەرایەتی میرینگێ، ئەفسانەیەکی دیکەش ئاشکرایکرد کە دژی گەڕانەوەی راهینەرە پۆرتوگالییەکەیە و دووپاتیکردەوە کە یۆرگن کڵۆپ باشترین بژاردەیە بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی ریال مەدرید.
 
رۆبێرتۆ کارلۆس، ئەفسانەی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی ریال مەەدرید،  لە ناو یانەی شاهانەدا بۆمبێک دەتەقێنێتەوە و رەتیدەکاتەوە مۆرینیۆ بگەڕێتەوە و داوا لە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە دەکات گرێبەست لەگەڵ 'راهێنەرە فریادڕەس' بکات بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ پاشای ئەورووپا! 
 
رۆبێرتۆ کارلۆس، ئەستێرەی پێشووی بەرازیلی، دوای لێدوانە نوێیەکانی سەبارەت بە داهاتووی راهێنەرایەتی تیپی شاهانە، مشتومڕێکی زۆری لە ناوەندەکانی ریال مەدریددا دروست کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە یانەکە پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ لە دۆخێکی چاوەڕوانیدایە.
 
رۆبێرتۆ کارلۆس ئاشکرای کرد کە جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی بە بژاردەیەکی گونجاو بۆ ریال مەدرید دانانرێت لە قۆناخی ئێستادا، سەرەڕای مێژووە گەورەکەی لەگەڵ یانەکە و توانای ناسراوی لە مامەڵەکردن لەگەڵ گوشارەکان و یارییە گەورەکاندا.
 
ئەم ئەفسانە بەرازیلییە جەختی لەوە کردەوە کە ریال مەدرید پێویستی بە پڕۆژەیەکی هونەری نوێیە کە پشت بە تۆپی پێی هێرشبەری هاوچەرخ و کەسایەتییەکی بەهێز ببەستێت بۆ گەڕاندنەوەی تیپەکە بۆ سەر رێڕەوی راست، ئاماژەی بەوەش کرد کە  یۆرگن کڵۆپی ئەڵمانی ناوێکی نموونەییە بۆ ئەم ئەرکە.
 
کارلۆس پێیوایە کڵۆپ خاوەنی هەموو ئەو بنەمایانەیە کە یانەی شاهانە ئێستا پێویستی پێیەتی، چ لەڕووی سەرکردایەتی بێت یان دروستکردنی تیپێکی رکابەر کە بتوانێت بۆ چەندین ساڵ کۆنترۆڵی پاڵەوانێتییە ناوخۆیی و ئەورووپییەکان بکات.
 
هەروەها زیاتر گوتی "راهێنەرە ئەڵمانییەکە ئەزموونێکی زۆری هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەستێرە گەنجەکان و دووبارە بنیادنانەوەی تیپەکان، ئەمەش یارمەتی ریال مەدرید دەدات شکۆ و هەیبەتی خۆی بەدەستبهێنێتەوە و بە هێزەوە بگەڕێتەوە سەر سەکۆی نازناوەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و خولی ئیسپانیا".
 
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدا دێن کە پێشبینییەکان دەربارەی داهاتووی ستافی راهێنەرایەتی ناو ریال مەدرید روو لەزیادبوونن، بەتایبەت دوای وەرزێک کە گوشار و رەخنەیەکی زۆری لە ناو یانەکەدا بەخۆوە بینیوە، ئەمەش وایکردووە هاندەران داوای بڕیاری یەکلاکەرەوە بکەن بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و هیوا بۆ تیپەکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە