کرووس جنێوی بە ئێمباپێ داوە؟ خۆی وەڵام دەداتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تۆنی کرووس کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تۆنی کرووس، ئەفسانەی ئەڵمانی و یانەی ریال مەدرید، راستیی ئەو قسانەی روونکردەوە کە باس لەوە دەکەن هێرشی کردبێتە سەر کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری یانە شاهانەکە و جنێوی پێدابێت.
 
کرووس لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" پۆستێکی یەکێک لە پەیجەکانی دووبارە بڵاوکردەوە کە لێدوانێکی دوورودرێژی بەناوی ئەوەوە بڵاوکردبووەوە و تەنیا لەسەری نووسیبوو "درۆیە".
 
ئەو تویتەی کە بۆ ئەفسانە ئەڵمانییەکە هەڵبەسترابوو، تێیدا هاتبوو کە گوایە تۆنی کرووس هێرش دەکاتە سەر کیلیان ئێمباپێ بەهۆی ئەوەی یاریزانە فەرەنسییەکە لە میدیاکاندا گلەیی لە بڕیارەکەی ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەر کردووە کە ناوی لە پێکهاتەی سەرەکی دوورخستووەتەوە.
 
لەو لێدوانە فەیکەدا (کە کرووس رەتیکردەوە) هاتبوو "بڕوانن، دوێنێ هەڤپەیڤینەکەی کیلیانم بینی دوای یارییەکەی ریال ئۆڤیێدۆ.. هەموویم بینی، بە استی کەمێک سەرسام بووم. سکاڵا و گلەیی بە ئاشکرا تەنیا لەبەرئەوەی ئەربێلوا بڕیاری داوە لەسەر کورسیی یەدەگ بیهێڵێتەوە؟ ئەمە ئەو شێوازە نییە کە ئێمە لە ریال مەدرید کارەکانی پێ بەڕێوە دەبەین".
 
هەروەها تێیدا هاتبوو "ناکرێت بچیتە بەردەم مایکرۆفۆنەکان و بڵێیت راهێنەر پێیگوتووم تۆ بژاردەی چوارەمی لە هێڵی هێرشبەریدا لە دوای ماستانتونۆ، ڤینیسیۆس و گۆنزالۆ، بەتایبەت کاتێک راهێنەرەکە خۆی یەکسەر دێتە دەنگ و دەڵێت هەرگیز شتی وای نەگوتووە".
 
لە درێژەی قسە هەڵبەستراوەکاندا هاتبوو "ئەم بەشە بەهیچ شێوەیەک راست نەبوو. چ وەک تێنەگەیشتن بێت یان خراپی گەیاندن، شتی لەم شێوەیە دەبێت لە ناو ژووری جلگۆریندا چارەسەر بکرێت، پیاو بۆ پیاو، نەک بە بڵاوکردنەوەی لە ناو رۆژنامەکاندا. ئەمە تەنیا دەنگەدەنگ و جەنجاڵی بێسوود لە دەوری تیپەکە دروست دەکات".
 
هەروەها نووسرابوو "من بۆ ماوەی 10 ساڵ ئەو درێسە سپییەم پۆشیوە. بەتەواوی دەزانم ئەم یانەیە چی دەوێت. راهێنەر پێکهاتەی سەرەکی هەڵدبەژێرێت. ئەو بڕیارەکان لەسەر بنەمای ئەوە دەدات کە لە مەشقەکاندا دەیبینێت، و لەسەر بنەمای تاکتیک و رکابەرەکە. ئەرکی تۆ وەک یاریزان قبوڵکردنی ئەوەیە و مەشقکردنی جددیتر لە رۆژی دواتردا بۆ ئەوەی بیسەلمێنیت شایستەی یاریکردنی".
 
لە کۆتایی لێدوانە ساختەکەدا هاتبوو "ریال مەدرید خێزانێکە. پێشتریش یاریزانمان هەبووە کە خۆپەرستی و خۆبەزلزانینی زۆریان هەبووە، بەڵام ئەو یاریزانانەی کە مانەوە و سەرکەوتوو بوون، ئەوانە بوون کە تێگەیشتن لۆگۆی یانەکە لەپێش هەموو شتێکەوەیە. کیلیان یاریزانێکی باوەڕپێنەکراوە و کەس گومانی لە بەهرەکەی نییە، بەڵام لەم یانەیەدا بەکردار و هەڵوێستی دروست خۆت دەسەلمێنیت، نەک بە لێدوان بۆ تۆژنامەنووسان. با ئاستت لەجیاتی تۆ قسە بکات، ئەمە شێوازی ریال مەدریدە".
 
تۆنی کرووس بەبڵاوکردنەوەی وشەی "درۆیە"، بە هەموو شێوەیەک ئەم قسانەی رەتکردەوە و دووپاتیکردەوە کە هیچ لێدوانێکی لەو شێوەیەی دژی کیلیان ئێمباپێ نەداوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە