رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە 16ـی 5 مانگی 2026، بەرپرسانی باڵای فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لە شاری ئیستەنبووڵ کۆببنەوە، بۆ تاوتێکردنی پرسی بەشداریی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی 2026 کە بڕیارە لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی راپۆرتە وەرزشییەکان، ماتیاس گرافسترۆم، سکرتێری گشتیی فیفا، لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی دڵنیاییان پێبدات سەبارەت بەئاسانکارییەکانی هاتنە ناوەوەی شاندی ئێران بۆ نێو خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئێران لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالدا، هەر سێ یارییەکەی لەنێو خاکی ئەمریکا ئەنجام دەدات. بەهۆی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان تاران و واشنتن، گومانێکی زۆر لەسەر چۆنیەتی بەشداریی ئێران لەم پاڵەوانێتییەدا هەبووە، کە لە 11ـی مانگی 6 دەستپێدەکات و
تاوەکو 19ـی مانگی 7 بەردەوام دەبێت.
ئەم گومانانە کاتێک زیاتربوون کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا، مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، رێگری لێکرا بچێتە نێو خاکی کەنەدا بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی فیفا لە شاری ڤانکۆڤەر.
هەڵوێستی تاران: مۆندیال مافی ئێمەیە
کازم غەریب ئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، لە پۆستێکدا رایگەیاند "ئەرکی فیفایە گەرەنتی هاتنی هەموو تیپەکان و شاندەکانیان بۆ وڵاتی میواندار بکات". ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەڵبژاردەی ئێران مافی بەشدارییکردنی لەنێو یاریگەدا بەدەستهێناوە و هەر بەربەستێک لەبەردەم یاریزانان یان ستافی تەکنیکی، پێچەوانەی رۆحی وەرزش و یاساکانی فیفایە.
ئینفانتینۆ و ترەمپ؛ دوو پەیامی جیاواز
لەلایەکی دیکەوە، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، هەوڵدەدات دۆخەکە هێور بکاتەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە نابێت ململانێ سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر مۆندیال هەبێت. هاوکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێش دوو هەفتە رایگەیاندبوو کە لاری نییە لە بەشداریکردنی ئێران لە مۆندیال، سەرەڕای ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
داواکارییەکەی ئێران رەتکرایەوە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئێران داوای کردبوو یارییەکانی بۆ مەکسیک بگوازرێنەوە، بەڵام ئینفانتینۆ تووندە لەسەر ئەوەی هەموو یارییەکان لەو یاریگایانەدا بکرێن کە پێشتر دیاریکراون.
بەرەو ئەمریکا
گەشتی هەڵبژاردەی ئێران بڕیارە رۆژی دووشەممە هەڵبژاردەی ئێران، تاران بەرەو تورکیا بەجێبهێڵێت بۆ ئەنجامدانی کەمپێکی مەشق و راهێنان. دواتر لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا شاندی ئێران دەچێتە بارەگای سەرەکی خۆی لە کۆمەڵگەی وەرزشیی 'کینۆ' لە شاری توسۆن لە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریکا.
هەڵبژاردەی ئێران یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالی 2026، رۆژی 15ـی مانگی 6 لە شاری لۆس ئەنجلس بەرامبەر هەڵبژاردەی نیوزیلەندا ئەنجام دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ