رووداو دیجیتاڵ
رۆدریگۆ دی پاول، یاریزانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی ئینتەرمەیامی، باسی لە مەشقە تایبەتەکانی نێوان خۆی و لیۆنێل مێسی ئەفسانەی وڵاتەکەی کردووە، بۆ ئامادەسازیی لەپێناو بەشداریکردن لە مۆندیال.
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا، لەسەداسەد بەشداریکردنی مێسی لە مۆندیالی داهاتوو یەکلایی نەبووەتەوە بەفەرمی، بەڵام پێشبینیکراوە کاپتنەکەی ئەرجەنتین لە مۆندیالدا، پێشەوایەتیی هاوڕێکانی بکات لەپێناو هیشتنەوەی نازناوە جیهانییەکە لای یانەکەی.
دی پاول نزیکییەکی زۆری لەگەڵ مێسی هەیە، هەندێک بەپاسەوانی تایبەتیی کاپتنی ئەرجەنتین ناوی دەبەن.
ئەو ناوەڕاستکارە ئاماژەی بە ئامادەسازیی نهێنی و تایبەتی مێسی کردووە بۆ مۆندیال.
لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێ، "لەگەڵ مێسی زۆر باسی مۆندیال دەکەم، هەروەها باسی جۆشوخرۆش و وروژێنەرییەکەی دەکەم کە لە نێوان هەردووکماندا هاوبەشە".
دی پاول کە یەکێکبوو لە یاریزانە سەرەکییەکانی پێکهاتەی ئەرجەنتین لە مۆندیالی 2022ی قەتەر، ئاشکرایکردووە، "لەماوەی دوو بۆ سێ مانگی رابردوودا، من و مێسی پلانی ئامادەکاریی خۆمان بۆ مۆندیال، لە دەرەوەی مەشقەکانی یانەکەمان دەستپێکردووە".
دی پاول دەڵێ، "جیا لە مەشقە گشتییەکان لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی، من و مێسی رۆژانە مەشقی تایبەت ئەنجامدەدەین بۆ ئەوەی بەباشترین توانای جەستەییەوە بچینە پاڵەوانێتییە جیهانییەکە".
دی پاول ئاشکرایکردووە، کە خۆی و مێسی، پڕۆگرامێکی تایبەتی مەشقی توانای جەستەیی تووندیان گرتووەتە بەر و رۆژانە لە دووکاتی جیاوازدا، تاقەتپڕوکێنانە مەشقدەکەن، بۆ ئەوەی کاتێک دەچنە مۆندیال، لە لووتکەی توانای جەستەیی خۆیاندا بن.
رۆدریگۆ دەڵێ، "من و مێسی، گوشاری زۆر لەسەر جەستە و دەروونی خۆمان دروستدەکەین، بۆ ئەوەی بەباشترین توانای جەستەییەوە بگەینە پاڵەوانێتییەکە. پێکەوە رۆتینێکی رۆژانەمان داناوە لە مەشقەکان، کە پشت بەسیستمێکی دووجار مەشقکردنی رۆژانە دەبەستێت و راهێنەری تایبەتمان هەیە".
ئەو هەروەها دەڵێ، ئێمە تەواوی توانای رۆژانەی خۆمان بەشێوەیەکی زۆر نایاب لەو مەشقانەدا خەرج دەکەین و کارەکان زۆر باشن. ئەوەی دەیکەین، کارێکی جیاواز و دوورە لە مەشقەکانی یانەی ئینتەرمەیامی، ئەمەیان تەنیا بۆ مۆندیال دەکەین و هەموو چاومان لەسەریەتی".
پێشتر، کاپتنی ئەرجەنتین رایگەیاندبوو کە بەشداریکردنی لە مۆندیالی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا، پشت بەهەستکردنی دەبەستێت بە توانای جەستەیی رۆژ لە دوای رۆژ.
مێسی ناوی لە لیستی سەرەتایی 55 یاریزانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دایە بۆ مۆندیال و قسەکانی دی پاول ئاشکرایدەکات، ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە بۆ مۆندیال ئامادەیە.
دی پاول لەهەمان چاوپێکەوتندا ئاشکرایکردووە، دوای رۆیشتنی لە ئاتلێتیکۆ مەدرید، زۆر دەستەوارەی جیاوازی لە یانەکانی دیکەوە بەدەستگەیشتووە، بەڵام وەکئەو دەڵێ، نەیتوانیوە هەلی یارییکردن لەگەڵ مێسی لەدەست بدات.
دی پاول گوتوویەتی، "زۆر یانە و رووگەی جیاواز بەردەستبوون، بەڵام یەکێکان لەسەرووی هەموو ئەوانیدیکەوە بووە و ئاڵنگارییەکەی گەورەبوو، ئەویش یارییکردن لەپاڵ مەزنترینی مێژوو کە مێسییە. هەموو کەسێک ئاوات دەخوازێت ئەو هەلەی بۆ هەڵبکەوێت، منیش نەمتوانی ئەو هەلە لەدەست بدەم، بەتایبەت کە من نزیکترین هاوڕێی مێسیم".
مێسی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و گیلیرمۆ ئۆچوای گۆڵپارێزی مەکسیک، ئەگەر لە مۆندیالی ئەمساڵدا بەشداری بکەن، دەبنە تاکە سێ یاریزانی مێژوو، لە شەش مۆندیالدا بەشدارییان کردبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ