ماوەی دوورکەوتنەوەی بێلینگهام ئاشکراکرا

16-07-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن جود بێلینگهام
A+ A-



رووداو دیجیتاڵ

جود بێلینگهام، ئەستێرەی ئینگلیزیی یانەی ریال مەدرید، ئەمڕۆ لە لەندەن نەشتەرگەری بۆ شانی چەپی دەکرێت و بۆ ماوەیەکی درێژ لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە.


بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، بێلینگهام بەهۆی ئەو پێکانە کۆنەی شانییەوە کە لە  مانگی یانزدەی 2023 لە یاریی بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ تووشی بوو، دەچێتە ژێر چەقۆی نەشتەرگەری.

زیاتر لە ساڵ و نیوێکە ئەو یاریزانە بەهۆی ئەم پێکانەوە بە بەردەوامی ئازاری هەبووە و ناچاربووە بە بەکارهێنانی پارێزەرێکی گەورەی شان یاری بکات، کە بووەتە هۆی ناڕەحەتی و سنووردارکردنی جوڵەکانی.

ماوەی دوورکەوتنەوەی ئەستێرەکەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و یانەی ریال مەدرید بە 10 بۆ 12 هەفتە مەزەندە دەکرێت. یانەی ریال مەدرید چاوەڕوانە بێلینگهام بەتەواوی چاکببێتەوە و لەگەڵ کۆتاییهاتنی پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکان لەناوەڕاستی مانگی دەی داهاتووە و بەدیاریکراوی لە رۆژی 19ـی10ـی2025 بگەڕێتەوە نێو یاریگاکان.

لەم ماوەیەدا، چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری ریال مەدرید، دەبێت چارەسەرێک بۆ شوێنگرتنەوەی ناوەڕاستکارە سەرەکییەکەی ریال مەدرید بدۆزێتەوە، کە ماوەی دوو ساڵە یەکێک بووە لە یاریزانە بێڕکابەرەکانی تیپەکەی بدۆزێتەوە.

جود بێلینگهام لەوەتەی پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کردووە بەبەردەوام یاریزانێکی کاریگەر و سەرەکی پێکهاتەی مێرینگێ بووە و دوورکەوتنەوەی ئەو بۆشاییەکی گەورە لە پێکهاتەی چابی ئەلۆنسۆدا جێدەهێڵێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە